حیزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت دوو سیخوڕی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران کە لە موشەک بارانی بنکەکانی ئەو حیزبە لە ساڵی 2018دا دەستیان هەبووە، ڕادەستی دەزگای دادوەری هەرێمی کوردستان کردوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەو دوو کەسە بە ناوەکانی کەیوان فەیزی و فەراز سەلەواتی دانیان بەوەدا ناوە کە لە ڕێگەی دەزگای ئیتلاعاتی شاری سنەوە ڕۆیشتونەتە ناو ئەو حیزبە بۆ سیخوڕی و تیرۆر کردن و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ مووشەکبارانەکەی ساڵی 2018ەش بەشێک بووە لە ئەرکەکانی ئەو دوو کەسە.
لە ڕێکەوتی 8ی مانگی 8ی ساڵی 2018دا، قەڵای دیموکرات لە ناوچەی کۆیە کرایە ئامانجی هێرشە موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە هێرشە موشەکییەکاندا کە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ،16پێشمەرگەی حزبی دیموکرات گیانیانلەدەستدا، لەوانەش شەشیان ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە 'تاوانباران' یان ڕادەستی سیستمی دادوەری هەرێمی کوردستان کردووە.
تاوەکو ئێستا دەیان ئەندامانی حزبە کوردییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە هەرێمی کوردستان تیرۆرکراون.
موسا باباخانی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە 6ی مانگی هەشتی ئەمساڵدا لە هۆتێلێکی شاری هەولێردا تیرۆر کرا و ڕۆژی دواتر هێزی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە تۆمەتباری سەرەکی کەسێک بووە بە ناوی سەرمەد داود عەبد عەلی ناسراو بە سەرمەد ئیلامی و پاش تیرۆرکردنی موسا باباخانی گەڕاوەتەوە ناو ئێران.
لقی دووی دادگای تاوانەکانی هەولێر لە ڕێکەوتی 2ی مانگی 8ی ئەمساڵدا، سێ تۆمەتباری کەیسی تیرۆرکردنی قادر قادری، فەرماندەی حیزبی دیموکراتیان سزادا بە سزای لەسێدارەدان. تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە لە 6ی مانگی 3ی ساڵی 2018 دا، قادر قادریان بە فەرمانی سوپای پاسداران لە بەرامبەر پارەدا تیرۆر کردوە.