Accessibility links

لە هەولێر برێت مەكگۆرك لەگەڵ كاربەدەستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە


Kurdistan region
Kurdistan region

لە هەولێر برێت مەكگۆرك ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریكا لە كۆشكی سپی، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كاربەدەستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، سەردانی مەكگورك بۆ هەولێر دوای ئەو سەردانەی دێت كە بۆ بەغدا ئەنجامیداوە و لەگەڵ كاربەدەستە باڵاكانی عێراق كۆبووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی مەكگۆرك و كاربەدەستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان، مەكگورك دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا لە پشتگیریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێتبۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی یەكجاریی داعش.

سەبارەت بە سەرەدانی مەكگۆرك بۆ هەرێمی كوردستان، كارۆخ خۆشناو سەرۆكی ئینستیۆتی ئەمەریكی - كوردی بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" ئەوەی لە ئێستادا گەنگەشە دەكرێت كۆمەڵێك پرسن لەوانە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش كە ئێستا سەریهەڵداوەتەوە و لەو ماوەیەدا هەندێك چاڵاكی ئەنجامداوە و دواتر پرسی كشانەوەی هێزە شەركەرەكانی ئەمەریكا و ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەم هێزانە كە فەراغێكی ئەمنی دروست نەبێت هاوشێوەی 2011 ".

لە ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە كە لەو كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریكا لە كۆشكی سپی، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە"لە سەروبەندی گۆڕانی ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عیراق، دووپاتكردنەوەی بەردەوامیی پابەندیی ئەمەریكا بە پشتگیریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە، پەیامێكی گرنگە".

هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و پێشبینی بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عیراق، گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە عیراقییەكان، هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكوومەتی نوێی فیدراڵ، دۆخی ئەمنی و سەربازی و ئابووریی وڵات، هێرش و پەلامارەكانی داعش، هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، گفتوگۆی ستراتیژیی عیراق ـ ئەمەریكا و دەرفەتەكانی برەودان بە پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ كران.

سەرۆكی ئینستیوتی ئەمەریكی – كوردی زیاتر دەڵێت" پێموایە باشترین ئەلتەرناتیڤ بۆ هێزە شەركەرەكانی ئەمەریكا هێزەكانی پێشمەرگەیە، هەروەها پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق پرسێكی تر دەبێت كە لەم سەرەدانەیدا برێت مەكگورك لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كوردستان گفتوگۆ دەكەن بۆ ئەوەی كە بتوانرێت بە زووترین كات حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنرێت بەشێوەیەك كە كوردیش بەركەوتەی خۆی بەربكەوێت و فەراغێكی سیاسی لە عێراقدا دروست نەبێت و ئێستا ئەو حكومەتەی كە لە بەغدا هەیە حكومەتی كاربەرێكەرە و پێویستە بە زووترین كات دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای فیدرالیەوە پێویستە حكومەتی داهاتوو پێكبهێنرێت و ئەمەش یەكێكی تر دەبێت لە پرسەكانی گفتوگۆی نێوان برێت مەكگورك و سەركردایەتی سیاسی كوردستان".

جێی باسە لەو كۆبوونەوەیەدا دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، دوایین پێشهاتەكانی سووریا و پرسی كورد لەو وڵاتە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

XS
SM
MD
LG