Accessibility links

سەرۆکی ئێران دەڵێت تاران ڕژدە لەسەر وتوێژی ناوکی لەگەڵ زلهێزانی جیهان


ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنا بڵاویکردەوە سەرۆکی ئێران ئیبراهیم رەئیسی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندوە تاران ڕژدە لەسەر وتوێژەکانی ناوکی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان لە ڤیەننا.

وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران ڕۆژی پێنجشەممە دەستیپێکردەوە، بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی ئێران ئەوەی لە ساڵی 2015دا لە پایتەختی نەمسا لەسەری ڕێکەوتن. دیپلۆماتان لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ڕوسیا و چین ناوەندگیری دەکەن چونکە تاران ڕەتی دەکاتەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن گفتوگۆ بکات.

سەرچاوەیەک لە ئەوروپا بەومەرجەی ناوی ئاشکرا نەکرێت ڕۆژی هەینی ئاماژەی بەوەدا کە ئێران ڕەزامەند بووە لەسەر بەردەوامبوونی ووتوێژەکان، کە لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە وەستاون. بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەوەیان ڕەتکردەوە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018دا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە، کە بەرنامە ناوەکیەکەی ئێرانی سنوردار کرد لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان.

ئاژانسی دەنگوباسی ئێرنا لە زاری سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیەوە بڵاویکردەوە "لە ڕاستیدا ئێمە نوسراوی پێشنیارکراومان پێشکەش بە لایەنەکانی دانوستاندن کرد، کە دەریدەخات ئێمە لەسەر وتوێژەکان ڕژدین، ئەگەر لایەنی بەرامبەر لەسەر لابردنی سزاکان ڕژد بێت ئەوا دەگەینە ڕێکەوتنێکی باش ".

دوای ساڵێک لە سەپاندنەوەی سزاکان لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاوە، تاران بە قۆناغ دەستیکرد بە پێشێلکردنی بەندەکانی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە، چونکە ئێران دەیەوێت هەموو سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێن.

گەورە دانوسکاری ئێران عەلی باقری کانی ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند" تاران سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی، کەهەفتەی ڕابردوو خستنیە ڕوو.

بەرپرسانی ئەوروپا و ئەمەریکا ئێرانیان تۆمەتبارکرد بە خستنە ڕووی داواکاری نوێ و پاشگەزبوونەوە لە سەوداکانی پێشتر کە ئەمساڵ لەسەری ڕێکەوتبوون.

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئایا لەسەر ڕەشنووسی پێشنیارە نوێکان گفتوگۆ دەکرێت ئەوەی ئێران داوای دەکات، باقری وتی "بەڵێ تاوتوێکردنی ڕەشنوسەکانی لە هەفتەی ڕابردوودا پێشنیارمان کردبوو، لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکاندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا گوتی ڕۆژی هەینی بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکاندا هەیە و پرسە گرنگەکان هێشتا کراوەن بۆ ڕێکەوتن لەسەر کۆتا دەق..

XS
SM
MD
LG