ڕۆژێک دوای دەستپێکردنەوەی حەوتەمین خولی گفتوگۆکانبۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان لە ڤیەننا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەوروپا دەڵێت تاران ڕازی بووە لەسەر بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان لەسەر بنەمای ناوەڕۆکی ئەو دەقانەی کە لە مانگی شەشدا لە سەری ڕێککەوتوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندوەسوورن لەسەر هەڵوێستەکانی هەفتەی ڕابردووی خۆیان.
باقری کەنی، دانوستانکاری باڵای ئێران لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا پێشنیارە نوێیەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتەزلهێزەکاندا باسی لێوەکراوە یان نا، بە ڕۆیتەرزی گوت "بەڵێ ئەو ڕەشنووسانەی کە هەفتەی ڕابردوو پێشنیارمان کردوە لە ئێستادا لە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە تاوتوێ دەکرێن."
دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەمەبەستی گەڕانەوەی هەر دوولایەن بۆ پابەندبوونی تەواو بە ڕێککەوتنەکەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ئامادەبوونی ئەندامانی تری ڕێککەوتنەکە لە مانگی چواری ئەمساڵەوە دەستی پێکرد و لە مانگی شەشدا لە دوای شەش خول،گفتوگۆکان ڕاوەستان.
حەوتەمین خولی گفتوگۆکان دوای پێنج مانگ، ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو و پاشان دوای چەند ڕۆژێک دووبارە وەستایەوە و هۆکارەکەشی پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی حکومەتی نوێی ئێران لە بارەی سزاکان و پرسی ناوکییەوە بوو کە وایکرد شاندەکان پێویستیان بە ڕاوێژکردن بێت لەگەڵ حکوومەتەکانیان و هەر بۆیەش بۆ چەند ڕۆژ گەڕانەوە بۆ پایتەختەکانیان.
لایەنەکانی ئەو گفتوگۆیانە لەگەڵ ئێران کە سوورن لەسەر ئەوەی کە دانوستانەکان لەو خاڵەوە دەستپێبکاتەوە کە لەمانگی شەشدا ڕاگیران، پێشنیازە نوێکانی ئێرانیان قبوڵنەکرد و گوتیان ئەنجامی شەش خولی دانوستانەکانی پێشوو پشتگوێ خراوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەوروپایی کە نزیکە لە گفتوگۆکان، بڵاویکردەوە کە شاندی ئێرانی رازیبوون لەسەر بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان لەسەر بنەمای ناوەڕۆکی ئەو دەقانەی کە لە مانگی شەشدا لەسەری ڕیککەوتوون.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەردەکەوێت کە ئایا دانوستانکارانی ئێران لە حکومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕووی کردارییەوە بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکان لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی حەسەن ڕۆحانیدا گەیشتونەتە ئەنجام یاخود نا.
هاوکاتیش گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانی ڕۆژانەی خۆیدا بۆ ڕۆژنامەوانان لە واشنتن گوتی کە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت بۆ ئەوەی بڕیاربدەین لەسەر ئەوەی کە ئایا ئێران لە گفتوگۆکاندا نەرمی دەنوێنێت یان نە.
نید پرایس گوتی ئێمە زۆر بە ڕوونی باسمان لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت یاری لەگەڵ کاتەکەدا بکات و زۆربوونی چالاکییە ناوکییەکانیشی ناتوانێت هیچ دەستکەوتێکی لە گفتوگۆکاندا بۆ دابین بکات.
پرایس جارێکیتر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە و گوتی بەڕیوبەرایەتی سەرۆک بایدن هێشتا خوازیاری چارەسەری بە شێوەی دیپلۆماسییە بۆ کێشەی ناوکی ئێران و گوتی واشنتن هیوادارە تارانیش خوازیاری هەمان شت بێت و بەدوی قەیراندا نەبێت.