Accessibility links

ئەمەریکا لەگەڵ چین، ڕووسیا و وڵاتانی کەنداودا تاوتوێی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران دەکات


ئێران و وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێراندا بۆ جارێکی تر ڕۆژی پێنجشەممە لە ڤیەننای نەمسا ئامادە دەبن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ئەمەش هەشتهەمین خولی وتووێژەکانە کە بەڕێوەبچێت.

ڕۆبێرت ماڵی نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران شەوی چوارشەممە 8 ی ئەم مانگە لە پۆستێکی تویتەردا ڕایگەیاند کە لەگەڵ سێرجی ڕیابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و هەروەها لەگەڵ ما ژائوسۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی چین گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی هەبووە. ئەو گوتیشی هەروەک پێش قۆناغی حەوتەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتین، ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنی سێ قۆڵی بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانمان لە پابەندبوونی تەواو بە ڕێککەوتنەکەوە لەسەر بنەمای ئەو پێشکەوتنانەی لە شەش خولی یەکەمدا لەسەری رێککەوتووین.



مالی هەروەها لە پۆستێکی تردا باسی لە وتووێژەکان کرد لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و گوتی گفتوگۆکان بنیاتنەر بوون.

دوای شەش خولی وتووێژەکان، گفتوگۆکان لەمانگی شەشدا بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەئێران راگیران و هەفتەی ڕابردووش دوای ماوەی پێنج مانگ دوبارە دەستیان پێکردەوە.

لەلایەکی ترەوە جۆرپ بورێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە لە تەویتەر گوتی کە لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران گوتوومە کە پێویستە دانوستانەکان خێراتر بن.

دوای ئەوەی حەوتهەمین خولی دانوستانەکان هەفتەی ڕابردوو بە هۆی گەڕانەوەی شاندەکان بۆ پایتەختەکانیان بۆ ڕاوێژکردن ڕاگیرا، ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت کات بەفیڕۆ بدات.

بەڵام ڕۆژی سێشەممە حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەدیدارێکیدا لەگەڵ هەندێک لەئەندامانی پەرلەمان گوتی " ئێمە لەگفتوگۆکاندا جدین" و هەروەها گوتی ئێران لە وتووێژەکانی هەفتەی ڕابردوودا پێشنیارەکانی خۆی پێشکەشی وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە.

لایەنە ڕۆژئاواییەکان وردەکاریی نوێیان لەبارەی پێشنیارەکەی ئێرانەوە بڵاونەکردەوەتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند کە "پێشنیارەکانی تیمی نوێی ئێران ناتوانن بنەمای گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێکی گونجاو بن."

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا و ئێرانیش لە بەرامبەردا کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پێشێل کردووە.

XS
SM
MD
LG