ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕادەگەیەنن فشاریان خستووەتە سەر هێزە سنوورییەکان بۆ دۆزینەوەی کچێکی کۆچبەری عێراقی تەمەن چوار ساڵ کە لە کاتی پێکدادانەکانی پاسەوانانی سەرسنووری پۆڵەندا لەگەڵ کۆچبەران، لە دایک و باوکی جیا بووەتەوە و لە دارستانە ساردەکانی ئەو ناوچەیەدا ونبووە.
پۆڵەندا سنووری هاوبەشی خۆی لەگەڵ بێلاڕووسدا داخستوە بۆ ئەوەی بەر بە هەزاران کۆچبەر بگرێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا گەشتیان کردووە بۆ بێلاڕووس بە هیوای پەڕینەوە بۆ ناو خاکی یەکێتی ئەوروپا.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیایان تۆمەتبارکردووە بەوەی کە کۆچبەرانی سەر سنوورەکە هاندەدات بۆ ئەوەی بەکاریانبهینێت وەک فشارێک بۆ نانەوەی نائارامی یەکیتیەکەی ئەوروپا کە پێکهاتووە لە 27 وڵات. ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ ئەو سزایانەی کە دژی ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکەی گیراونەتە بەر.
بێلاڕووس ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە ئەو قەیرانە ئەوان سازیان کردبێت. هەر لە وەرزی هاوینەوە کۆچبەران روویان کردووەتە ئەو وڵاتە و دواتر هەوڵی ئەوەیان دا بڕۆن بەرەو پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتڤیا.
گرووپە مرۆییەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە ئەو کچە عێراقییە بەناوی ئیلین، شەوی دووشەممە لە کاتی هەوڵدانی دایک و باوکیدا بۆ تێپەڕاندنی سنووری پۆڵەندا، لە خێزانەکەی جیا بووەتەوە و ونبووە.
ئەو گرووپانە گوتیان دایک و باوکی ئەو منداڵە لە کاتی پێکدادانەکانی پاوسەوانانی سەر سنووری بێلاڕووس و کۆچبەراندا، کچەکەیان داوەتە دەستی کۆچبەرێکی تر و دوایین جاریش منداڵەکە لە نزیک گوندی نووی دوور لە سنووری پۆڵەند لەگەڵ ئەو کۆچبەرەدا بینراوە.
کاسیا کۆسیسزا لە گروپی خێرخوازی خێزانە بێ سنوورەکان گوتی "ئەم کچە لەوانەیە یا گیانی لەدەستدابێت، یان گەر زیندوو بێت بە زوویی دەمرێت، بەڵام دڵتەزێنترین شت ئەوەیە کە گەر منداڵێکی پۆڵەندی بووایا، ئەوا هەموو وڵات بەدوایدا دەگەڕا."
ئانا میچاڵسکا، وتەبێژی پاسەوانانی سەر سنوور گوتی کارمەندەکانی خزمەتگوزاری لە رۆژی سێ شەممەدا هەر کە ئاگادارکرانەوە، دەستیان کردووە بە گەڕان بە دوای کچە ونبووەکەدا، بەڵام نەیاندۆزیوەتەوە.
بەڵام گرووپە مرۆییەکان دەڵێن کە هەوڵەکانی دەسەڵاتداران تەواو و بەس نەبووە بۆ دۆزینەوەی منداڵەکە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان حکومەتی ناسیونالیستی ڕاستڕەوی پۆڵەندایان تۆمەتبارکردووە بە پێشێلکردنی ستانداردە مرۆییەکان لە ڕێگای گەڕاندنەوەی هەندێک لە کۆچبەران بۆ ناو بلاروس، تۆمەتێک کە وارشۆ ڕەتی دەکاتەوە.