Accessibility links

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لە مەخمور لەگەڵ فەرماندە سەربازیەکان کۆبووەوە


ڕۆژی چوارشەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیکرا. بەپێی زانیاریەکان لە هەولێر گفتوگۆ دەربارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی چەکدارانی داعش و گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵ و تواناکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پێناو کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسیەکانی داعش کرا و جەختیش لەسەر گرنگی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق کرایەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دەڵێت " خۆشحاڵم بە پێشوازی کردن لە سەرۆک وەزیر مستەفا کازمی لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی زیادبوونی ئەم دواییانەی هێرشەکانی گروپی تیرۆرستی داعش و هاوکاری ئاسایشی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا."

دوای گەیشتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر سەردانی میحوەری مەخموری هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و لەگەڵ فەرماندە سەربازیەکان کۆبووەوە، و دواتر سەردانی گوندی لهێبانی کرد ئەو گوندەی کە داعش هێرشکردبووە سەر و شەڕ و ئاڵوزی لەو ناوچەیەدا ڕوویدابوو.

سەبارەت بەو کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندە سەربازیەکان، سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری میحوەری مەخمور و گوێڕی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەوە بووە کە هەماهەنگی زیاتربکرێت وەکو ئەوەی کە لە گوندی لهێبان لە نێوان پێشمەرگە و لەشکەری عێراق بە هاوبەشی کراوە و چوونە نێو گوندەکە ئەمە وەک دەسپێک و کاتێکیش دوو لیوای هاوبەش دادەمەزرێن ئەو بۆشاییانەی نێوان پێشمەرگە و لەشکەری عێراق پڕبکرێتەوە و بەڵێنیدا کە هاوکاری پێشمەرگەش بکرێت لە ناحیەی دوربینی شەوان و ئەو تەکنەلوژیایەی کە بۆ لەشکەری عێراق دابین دەکرێن بەشی پێشمەرگەشی دەدرێت".

سەبارەت بە گرنگی سەردانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ مەخمور و خەڵکی ئەو ناوچەیە بەگشتی، غازی فەیسەڵ کە خۆی وەک فەرماندەیەکی خۆبەخشی پێشمەرگە ناساندووە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " سەردانی کازمی لەسەر داوای خەڵکی ناوچەکە بووە بەهۆی ئەو قوربانی و نیگەرانیەی ئەم دواییە کە دراون و ڕەخنەی زۆریش لە حکومەتی هەرێم و بەغدا گیرا و ئەوانیش هاتوون بیر لە چارەسەر بکەنەوە، دڵخوشین کە سەردانی ناوچەکە کرا بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش چیتر جێگایان نەبێتەوە لەو ناوچەیە کە فەراغێکی ئەمنی هەیە بۆیە دڵخوشین بەو کۆبوونەوانە، ئێستا مەترسیەکان زۆر کەمبوونەتەوە چونکە بەیەک تیم پارێزگاری لە ناوچەکە دەکرێت، داعش ئەوەندە بەهێز نین بەڵام فرسەتی لەو بۆشاییە ئەمنیانەی ناوچە کێشەلەسەرەکان وەرگرتبوو کە ئێمە لەو ناوچانە کێشەمان هەیە".

سەرپەرشتیاری میحوەری مەخمور و گوێڕ گووتیشی" بەداخەوە ئەو تەکنەلوژیایەی کە پێویستە لەبەردەستی پێشمەرگە و حکومەت هەبێت لەبەردەستیان نەبوو بەڵام لەبەردەستی داعش هەبوو بۆ نموونە دووربینی شەوان و دووربینی حەراری هەموو لەبەردەستی مەفرەزەکانی تیرۆریستانی داعش هەن کە بە ئاسانی شەوان دەگەنە پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل و شەهیدیان دەکەن ئینجا بەڵێنی دا کە بەزووترین کات هاوکاری پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەکەن کە ئەو دوربینە حەراریانەی شەوان دابین دەکەن". سیروان بارزانی دەشڵێت " داواکاری ئێمە ئەوەبوو کە دەستی فەرماندەی هێزە مەیدانیەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان کراوە بێت و دەسەڵاتی زیاتریان هەبێت و پێویستی بە موافقەی هەولێر و بەغدا نەکات چونکە شت هەیە فەوریە و شەڕی پارتیزانی و گەریلاییە و لە هەمووی گرنگتر بۆ پێشمەرگە ئەوەبوو کە دووربینی حەراری و درۆن نادرێتە پێشمەرگە کە پێویستیەکی سەردەمیانە و داعش هەیەتی و کار بەو تەکنەلوژیانە دەکات بۆیە بە خۆشحاڵیەوە مستەفا کازمی موافقەی کرد و وتی ئێمە ئەو دووربینی حەراری و ئەوانە بۆ پێشمەرگە دابینی دەکەین".
جێی باسە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و هەردوو گوندەکانی خدرجیجە و لهێبیان بەو هۆیەوە قوربانی لێکەوتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:36 0:00


XS
SM
MD
LG