کۆمپانیای ئینستگرام ڕۆژی سێشەممە لە کاتی دانیشتنێکی ئەنجومەنی سیناتدا دەستیکرد بە ئەنجامدانی هەندێ کار بۆ پاراستنی زیاتری گەنجەکان سەبارەت بەوەی ئەو پلاتفۆرمە کاریگەری خراپی لەسەر بەکارهێنەرانی گەنج هەیە یاخود نا.
ئادەم موسێری بەڕێوبەری جێبەجێکار لە لێدوانێکدا گوتی"هەموو ڕۆژێک ئەو کاریگەرییە ئەرێنیانەی کە ئینستگرام هەیەتی بۆ گەنجان، لە هەموو شوێنێکدا دەیبینم."
موسێری گوتیشی "دەمەوێت دڵنیا ببمەوە کە پلاتفۆرمەکە بەم شێوەیە دەمێنێتەوە کە لە سەرووی هەموویانەوە پارێزراوبوونی ئینستگرامە."
کۆمپانیای مێتا، کە ڕێکخراوێکی باوانە بۆ ئینستگرام و چاودێری فەیسبووکیش دەکات، دوای دزەکردنی هەندێ دۆکیومێنت لەسەر ئەوەی کە هەندێ لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری ئەو کۆمپانیایە ئاگاداری مەترسییەکانی سایتەکانیان بوون بۆ سەر نەوجەوانان، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەیەوە و ئەمەش بوو هۆی ئەوەی حکومەتی ئەمەریکا فشار بخاتە سەریان بۆ ڕێکخستنی یاساکان لەو بارەیەوە.
موسێری بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە لیژنەیەکی ئەنجومەنی سیناتدا لە ژێر ناوی "پاراستنی منداڵانی ئۆنلاین" سەبارەت بە ئینستگرام و چاکسازی بۆ بەکارهێنەرانی گەنج" قسە بکات.
ڕیچارد بلومێنتال، سیناتۆری دیموکرات گوتی "دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان دەربارەی کاریگەرییە ژەهراویی و خراپەکانی ئینستگرام، دەمانەوێت ڕاستەوخۆ لە سەرکردایەتی کۆمپانیاکە ببیستین کە بۆچی ئەو لۆگاریتمە بەهێزانە بەکاردێنێت کە ناوەڕۆکی زیانبەخش دەگوازێتەوە بۆ منداڵان و دەیانخاتە ناو دونیایەکی تاریکەوە، دەمانەوێ بزانین ئەوان چی دەکەن بۆ پارێزراو بوونی پلاتفۆرمەکەیان."
بە گوتەی موسێری، بڕیارە ئینستاگرام لەسەر ئەو شتانەی کە پێشنیاری دەکات بۆ بەکارهێنەرانی نەوجەوان، توندتر بێت و ڕێگە لەو کەسانەش بگرێت کە ناوی ئەو نەوجەوانانە ڕادەگەیەنن کە لە پلاتفۆرمەکەدا ئامادە نین و شوێنیان نەکەوتوون.
موسێری گوتیشی ئینستگرام هەروەها دەیەوێت کارێک بکات کە هەر کاتێک بینی نەوجەوانان لەسەر بابەتێک زۆر دەمێننەوە، سەرنجیان بخەنە سەر بابەتە نوێکانیش و گەر بۆ ماوەیەکی زۆریش لەسەر پلاتفۆرمەکە مانەوە، ئەوا پێشنیاری ئەوەیان بۆ بکات ە کماوەیەک پشوو وەربگرن.
موسێری گوتی "ئەگەر کەسێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەسەر پلاتفۆرمەکە بوو، ئەوا داوای لێدەکەین کە پشوویەک وەربگرێت و لە ئینستگرام خۆی دوورخاتەوە."
بەگوێرەی ئینستگرام، تایبەتمەندی پێشنیارکراوەکان لە ئوسترالیا، بەریتانیا، کەنەدا و ئەمەریکا دەستی پێکردوە و تا سەرەتای ساڵی داهاتووش بۆ وڵاتانی تر ئەنجام دەدرێت.
ئەم پلاتفۆرمە هەروەها ناوەندێکی پەروەردەیی بۆ دایک و باوکان ناساندوە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات زیاتر تێکەڵ بە ئەزموونی نەوجەوانەکانیان بن، ئەو ئامرازانەی بۆ دابینکردوون کە بتوانن دەستنیشانی بکەن منداڵەکانیان تا ماوەی چەند رێگەپێدراون لەناو بەرنامەکاندا بمێننەوە.
مارشا بلاکبێرن، سیناتۆری کۆماری لە لێدوانێکدا گوتی "مێتا هەوڵ دەدات لە ڕێگای ڕێنمایی دایک و باوکان و بەکارهێنانی تایمەرەکان و تایبەتمەندیەکانی کۆنتڕۆڵ کردنی ناوەڕۆک کە بەکارهێنەران دەبوایە بەردەوام هەیانبا، دەیەوێت سەرنج و ڕەخنەکان لەسەر هەڵەکانیان بەلاریدا بەرێت."
ئەو گوتیشی "من و هاوپیشەکانم بە باشی دەزانین کە ئەوان خەریکن چی دەکەن."
مێتا ئەو تۆمەتانەی کە پلاتفۆرمەکانی ژەهراوین بۆ نەوجەوانان یان ئەوەی کە قازانج بەلایەوە لەسەرەوەی تەندروستی بەکارهێنەرانە، هەمووی بە توندی ڕەتکردوەتەوە.
ئەو کۆمپانیایە لەبەرامبەر فشارەکاندا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەو ئینستاگرامەی کە بۆ بەکارهێنەرانی خوار تەمەن 13 ساڵ دابینی کردبوو، لە ئیستادا هەڵپەسێردراو دەبێت بەڵام وازی لێناهێنێت.