Accessibility links

کاردانەوەکان لە بەرامبەر بڕیاری زیندانیکردنی ئۆنگ سان سوچی


ڕابەری لەکارلابراوی میانمار، ئۆنگ سان سو چی ڕۆژی دووشەممە بە تۆمەتی هاندان و پێشێلکردنی کۆتوبەندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و ئەمەش لە کاتێکدایە کە لایەنگرانی دەڵێن حوکمەکە مەبەستی سیاسی لە پشتە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی میانمار ڕایگەیاندوە کە سو چی سەرەتا سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام سەرکردەی ئەنجومەنی سەربازی ئەو وڵاتە ماوەی چوارساڵەکەی کەمکردوەتەوە بۆ دوو ساڵ دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە شوێنی ئێستای خۆیدا.

ئۆنگ سان سو چی بەشێوەیەکی دیموکراتیانە دەسەڵاتی میانماری گرتەدەست، بەڵام دوابەدوای کودەتا سەربازییەکە و لەکارلابردنی، وڵاتەکە ڕووبەڕووی ناسەقامگیری بووەتەوە و خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی ئەنجومەنی سەربازیی میانمار ئەنجامدراوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نیگەرانە سەبارەت بە وەستانی چاکسازییە سیاسییەکان لەو وڵاتەدا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز سزاکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتوەتەوە و هەندێکیش بە 'دادگاییکردنی ساختە' وەسفی دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی سزای زیندانیکردنەکەی ئۆنگ سان سو چی کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزاکەی لەدژی ڕابەری لەکارلابراوی میانمار بە 'نادادپەروەرانە' وەسف کردوە و دەڵێت سەپاندنی ئەو سزایە و سەرکوتکردنی بەرپرسانی دیکە کە بە شێوەی 'دیموکراتیانە هەڵبژێردراون'، ئیهانەکردنی دیموکراسی و دادپەروەریە لە میانمار.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە پێشێلکردنی بەردەوامی یاسا و بەکارهێنانی بەربڵاوی توندوتیژی دژ بە خەڵکی میانمار لە لایەن حکومەتەوە، داوایئازادکردنی ئۆنگ سان سو چیو هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بە ناحەق دەستگیرکراون.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتوە کە ئەمەریکا داوا دەکات حکومەتی ئەو وڵاتە دیالۆگی بنیاتنەرانەی هەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بە مەبەستی کۆتایی هێنان بەتوندوتیژی و ڕێزگرتن لە خواستەکانی خەڵک و جەختیشیکردوەتەوە کە پشتیوانی لە خەڵکی میانمار و هیواکانیان دەکات بۆ ئازادی و دیموکراسی.

ئەنتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش ڕۆژی دووشەممە لە تویتەر پۆستێکی بەهەمان ناوەڕۆک بڵاو کردەوە و سەرەڕای سەرکۆنەکردنی سزاکەی ئۆنگ سان سو چی و پێشێلکارییەکانی حکومەتی سەربازی میانمار، داوای ئازاد کردنی دەستگیراوانی کرد.

ڕێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتیش ڕایگەیاندوە کە تۆمەتەکان لە دژی سوچی ساختە و دروستکراون و ئاماژەشی بەوەداوە کە فەرمانەکەی دادگا نوێترین نمونەیە لەسەر سووربوونی سوپای میانمار بۆ لەناوبردنی سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و خنکاندنی ئازادی لە وڵاتەکەدا.

میشێل باچیلە، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤیش گوتی "تاوانبارکردنی ڕاوێژکاری حکومەت لە دادگاییکردنێکی ساختەدا هیچ نییە جگە لە مەبەستی سیاسی و ئەمەش تەنها لێسەندنەوەی ئازادی ئەو نییە، بەڵکو داخستنی دەرگایەکی ترە بەرووی دیالۆگی سیاسییدا."

دکتۆر ساسا، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی مەدەنی دوورخراوی میانمار و حکومەتی یەکێتی نیشتمانی گوتی "ئەمڕۆ ڕۆژێکە جێگای شەرمە بۆ حکومەتی یاسا و دادپەروەری و لێپرسینەوە لە میانمار و گوتیشی "حکومەتە سەربازییە دڕندەکە ئەمڕۆ جارێکی تر دووپاتی کردەوە کە خۆی لە سەرووی یاسا دەبینێت."

لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش گوتی "سزادانی ئۆنگ سان سو چی هەوڵێکی تری ترسناکی ڕژێمی سەربازی میانمارە بۆ خنکاندنی ئۆپۆزسیۆن و سەرکوتکردنی ئازادی و دیموکراسی."

جائۆڵیجیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش گوتی "ئێمە وەک دراوسێیەکی دۆست هیوادارین هەموو لایەنەکانی میانمار بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی وڵاتیان لەبەرچاو بگرن و لە چوارچێوەی دەستووری و یاساییدا جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن و بەردەوام بن لە بەرەوپێشبردنی ئەو گواستنەوە دیموکراتیانەی کە بە قورسیبە دەستهاتووە و گونجاویشە بۆ وڵاتەکەیان."

جۆزپ بورێل، دیبلۆماتکاری یەکێتی ئەوروپاش گوتی "یەکێتی ئەوروپا بەتوندی ئیدانەی سزاکە دەکات کە مەبەستی سیاسی لە پشتدایە" وگوتیشی "ئەمە پاشەکشێیەکی تری بەرچاوی دیموکراسییە لە میانمار لەوەتەی کۆدتا سەربازییەکەی ئەو وڵاتە لە مانگی 2 دا."

سۆ چی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە تەمەنی 76 ساڵە، لە کاتی کودەتاکەدا لەگەڵ زۆربەی سەرکردە باڵاکانی حیزبدا دەستبەسەرکراوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا داوای ئازادکردنی سو چی دەکەن و ڕەخنە لە توندوتیژییەکانی دوای کودەتاکە دەگرن کە بە گوتەی گرووپەکانی مافی مرۆڤ لانی کەم 1300 کەسی تێدا کوژراون.

دوای کودەتاکە، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا چەندین سزایان بەسەر سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ئەو وڵاتە و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی سەپاند.

XS
SM
MD
LG