Accessibility links

کرێملین دەڵێت بایدن و پوتین هەفتەی داهاتوو وتوێژ لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا دەکەن


وا بڕیارە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ڕۆژی سێشەممە گفتوگۆ لەسەر زیابوونی گرژییەکان بەدرێژایی سنووری ڕوسیا و ئۆکڕانیا بکەن ، لەو شوێنەی کە سوپای ڕوسیا لە لایەن ڕۆژئاواوە وەک نیشانەیەکی شاراوەی داگیرکاری بەدی دەکرێت.

وتەبێژی کرێملین دیمیتری پێسکۆڤ کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممە بۆ ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس پشتڕاست کردەوە، هەروەها کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی شەممە بڵاوی کردەوە کۆبوونەوەکەی پشتڕاست کردەوە، کە تێدا هاتبوو: "سەرۆک بایدن نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەمەڕ چالاکییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سنووری ئۆکرانیا دووپات دەکاتەوە و پشتگیری ئەمریکا بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دووپات دەکاتەوە".

کرێملین گوتی، جگە لەچالاکییە سەربازێیەکەی ڕوسیا، بایدن و پوتین گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکان دەکەن کە لە مانگی شەشدا لە لووتکەی جنێفیاندا پێی گەیشتبوون.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند چەند دەستپێشخەرییەک ئەنجام دەدات کە تیایدا " زۆر زۆر سەخت دەبێت " بۆ ڕووسیا گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەسەر سنووری لەگەڵ ئۆکرانیا پەرەپێبدات، لە کاتێکدا مۆسکۆ چەند هەفتەیەکە هێز لەو ناوچەیە کۆدەکاتەوە.

بارودۆخی سنووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ترسی ئەوەی دروستکردووە کە مۆسکۆ پلانی داگیرکردنی دراوسێکەی هەیە. شەڕانگێزییەکانی ڕوسیا لەم هەفتەیەدا تەوەری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ بوو، و سکرتێری گشتی ناتۆ یەنس ستۆلتنبێرگ هۆشداری داوەتە ڕوسیا کە هەر ئاڵۆزبوونێکی دۆخەکە دەرئەنجامێکی خراپی لێدەکەوێتەوە.

لە بەرامبەریشدا مۆسکۆ گوتی ڕەنگە ئەمەریکا و ئۆکرانیا خۆیان هێرش ئەنجام بدەن.

XS
SM
MD
LG