حکومەتەکانی سەرانسەری جیهان لە هەوڵی ئەوەدان بە ملیۆنان کەسی تر ڤاکسینی کۆڤید-19 وەربگرن لە کاتێکدا جۆرێکی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسەکە بەناوی ئۆمیکرۆن لە دەیان وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. هندستان تاقیکردنەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ بەکارهێنانی درۆن ( فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ ناردنی ڤاکسینەکان بۆ خەڵکی چیاکانی جەمو کشمیر، کە زیاتر لە %70 ی دانیشتوانەکەی لەو ناوچە دووردەستانە دەژین.
بە شێوەیەکی ئاسایی چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت بۆ گەیاندنی ڤاکسین لە یەکێک لە ناوەندە سەرەکیە تەندروستییەکانی جەمووە بۆ نەخۆشخانەیکی گوندی مار کە نزیکە لە چیاکانی دەوروبەرەوە. لە مانگی ڕابردوو کاربەدەستان گوتیان ئەم گواستنەوەیە لە ڕێی درۆنی جۆری Octacopter تەنها 20 خولەکی پێچووە.
پزیشکان دەڵێن لەمێژە ناوچە شاخاوییەکان و کەشوهەوای هەرێمەکە ئاستەنگە لەبەردەم هەڵمەتی کوتان بۆ گەیشتن بە خەڵکی ئەو ناوچە دووردەستانە.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری تەندروستی جەمو دکتۆر ڕینو شەرما بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە تاقیکردنەوەکەی مانگی ڕابردوودا توانراوە 200 ڤاکسین بگەیەندرێت کە ئەمەش ئەو هیوایە دەهێنێتە گۆڕێ بتوانن هەڵمەتی کوتان لەو ناوچانە بە ڕێگای درۆن سەرکەوتوانە ئەنجام بدەن.
دکتۆر شەرما گوتی " ئەگەر ئەو پرۆژەیە پەسەند بکرێت زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ خەڵکی ناوچەکە بە تایبەتی بەشی دابەشبووی جەمو."
بەشەکانی تری کشمیریش ڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆ ناڕوات ئەمەش درۆنی کردووە بە بژاردەیەکی باشتر بۆ گواستنەوە.
بەشیر ئەحمەد پێرو کارمەندێکی تەندروستی لە ناوچەی گورێز بە دەنگی ئەمەریکای وت " ناوچەکانی وەکو سیکاردار، سەفاید ئەب و مارۆنۆ زۆر ئاستەنگن بە تایبەتی لە وەزی زستاندا. شەش بۆ هەشت کاتژمێرمان پێدەچێت بە پێی تا لە داوارەوە بگەینە ئەم ناوچانە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کشمیر دکتۆر میر موشتاق لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند زۆربەی جار پزیشکان دەرمان لە هاویندا کۆدەکەنەوە تا بۆ وەرزی زستان دەرمانی پێویستیان بۆ هاووڵاتیان هەبێت. دڕۆت دەتوانێت هاوکارییەکی زۆر بکات لە زستاندا.
دروستکەرەکانی دەڵێن ئۆکتاکۆپێتەر دەتوانێت بارێکی 10 کیلۆگرام هەڵبگرێت، بۆ دووری 20 کیلۆمەتر، و بە خێرایی 36 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا بڕوات.