Accessibility links

نوێنەری یەکێتی ئەوروپا: حەوتهەمین خولی گفتوگۆ ناوکییەکانی ڤیەننا کۆتایی نەهاتوە و لە هەفتەی داهاتووە بەردەوام دەبن 


نوێنەری یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخەری گفتوگۆ ناوکییەکان لە ڤیەننا ڕۆژی هەینی و لە پێنجەمین ڕۆژ لە خولی حەوتهەمی گفتوگۆکاندا ڕایگەیاند کە ئەم خولەی گفتوگۆکان هێشتا کۆتایی نەهاتووە و دوای وچانێکی کورت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووە بەردەوام دەبێت.

ئەنریکەی مۆرا لە دوای کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ پەیامنێران لەبەردەم هۆتێل کۆبورگ وتووێژی دەکرد و گوتی شاندی نوێی دانوستانکاری ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە بۆ ئەوەی بۆچوونی حکومەتی نوێی ئێران دیاری بکەن.

ئەو گوتی پێویستە شاندی دانوستانکار بگەڕێنەوە پایتەختەکانیان بۆ ڕاوێژکردن لەگەڵ حکومەتەکانیان و لە هەفتەی داهاتووشدا گفتوگۆکان لەچوارچێوەی ئەم خولەی حەوتەمدا بەردەوام دەبن.

بە پێی لێدوانەکەی نوێنەری یەکێتی ئەورووپا حەوتەمین خولی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و ئێران بە مەبەستی بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015، دوانیوەڕۆی هەینی بەکاتی ڤیەننا لەدوای کۆبوونەوەی فەرمی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنەکە بۆ چەند ڕۆژێک ڕادەگیرێن و دواتر لە میانەی هەفتەی داهاتووەوە دەست پێدەکەنەوە.

لەگەڵ هاتنە سەرکاری بەڕێوبەرایەتی نوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و خواستی واشنتن بۆ گەڕانەوە و زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران، دانوستانەکانی ڤیەننا لە مانگی چواری ئەمساڵەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی تری ڕێککەوتنەکە دەستیپێکرد.

دوای شەش خولی وتووێژەکان، گفتوگۆکان لەمانگی شەشدا بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەئێران راگیران و لە ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەدا دوای ماوەی پێنج مانگ دوبارە دەست پێکردەوە.

رۆیتەرز ڕۆژی هەینی لە زاری بەرپرسێکی ئێرانی ئاگادار لە وتووێژەکان ڕایگەیاند کە نوێنەرانی هەر سێ وڵاتی ئەورووپی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پایتەختەکانیان بۆ ڕاوێژکردن لەگەڵ حکوومەتەکانیان.

ئەو بەرپرسەی کە ناسنامەکەی لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرا نەکراوە، دەڵێت شاندی ئێرانی ئامادەیە لە ڤیەننا بمێننەوە تاکو گفتوگۆکان لە هەفتەی داهاتوودا بەردەوام بن.

هەروەها ئەنریکێ مۆرا، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخەری دانوستانەکان لە پۆستێکدا لە تویتەر، کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی بۆ کۆتایی هاتنی گفتوگۆکانی خولی حەوتووم لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینیدا ڕاگەیاند.

ئێران ڕۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە ڕەشنووسی پێشنیارەکانی خۆی لە دوو بەشدا لەبارەی هەڵگرتنی سزاکان و کێشە ناوەکییەکان داوەتە لایەنە ئەوروپییەکان.

ماڵپەڕی شیکاری ئەکسیۆس ڕۆژی هەینی لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە ڕایگەیاند کە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بە لایەنی ئێرانییان وتووە کە ڕەشنووسەکان جێگای قەبووڵکردن نین.

بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەوروپاییەکان گوتویانە لە ڕەشنوسی پێشنیارکراوی ئێراندا لە بارەی گەمارۆکانەوە، ئێرانییەکان خواستێکی زۆرتریان داوا کردوە بە بەراورد لەگەڵ داواکاری دەستەی گفتوگۆکانی حکومەتی پێشووی ئێرانەوە.

هەروەها دەستەی ئەورووپایی دەڵێن ڕەشنووسە نوێکە کە بۆ بواری ناوکی پێشکەش کراوە ' توند و ڕادیکاڵە' و ئەو ئەدەبیاتەی کە لە دانوستانەکانی پێشوودا لەسەری ڕێککەوتبوون، لەم ڕەشنوسە نوێیەدا لابراون.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید گوتی لە ڕۆژانی داهاتوودا تێدەگەین کە ئایا ئێران بە نیازێکی باشەوە گەڕاوەتەوە بۆ ناو دانوستاندنەکان یان نە و گوتیشی هەرچەندە کاتەکە زۆر درەنگ بووە، بەڵام درەنگ نییە بۆ ئەوەی ئێران ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت.

XS
SM
MD
LG