Accessibility links

کاردانەوەی سەرۆکی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشەکەی داعش بۆ سەر گوندی خدرجیجە


سەرۆکی عێراق هێرشەکەی شەوی پێنجشەممەی داعشبۆ سەر گوندی خدرجیجەی سەر بە پارێزگای هەولێر بە پێشهاتی "مەترسیدار" وەسف دەکات.

بەرهەم ساڵح لە تویتێکدا دەڵێت " په‌لامارەکانی داعش بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە مەخمور ‌پێشهاتی مه‌ترسیدارن، ڕوبەڕوبونەوەیان ئەرکی بەپەلەی ئێستامانە؛ پته‌وکردنی هه‌ماهه‌نگی پێشمەرگە وسوپای عێراق پێویستە بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆریستان ودابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە. پرسە وھاوخەمیم بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدە قارەمانەکان."

پێشتریش سەرۆکی هەرێمی کوردسان نێچیرڤان بارزانیش لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و گوتی " " زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی ڕابردووى تيرۆرستانى داعش لە سنووری مەخموور ده‌كه‌ين كه‌ لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان و ژماره‌يه‌ك پێشمەرگەى قاره‌مان شەھیدبوون."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەردانەی گوندەکەی کرد و چاوی بە کەسوکاری قوربانیان کەوت و لە تویتێکدا دەڵێت " مایەی شانازیمە لە مەخموورم بۆ سەردانکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و پرسەگێڕان لەگەڵ کەسوکاری سێ شەهیدی شەوی ڕابردووی هێرشەکەی داعش. من لە ناخەوە هاوسۆزیم دەربڕی بەتایبەتی بۆ دایکیان. ئەوان کوڕ، هاوسەر و باوک بوون."

مەسرور بارزانی لە بەیاننامەیەکیدا گوتیشی "تیرۆریستانی داعش، بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە پێویستە هەرچی زووە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بهێنرێت و ژیانی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش، پارێزراو بێت."

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پەیامێکدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە دەڵێت "زۆر بوونی ھێرشەکانی داعشی تیرۆریست لە‌م ماوە‌یە‌دا سە‌لمێنە‌ری ئە‌وە‌ن كە‌؛ جگە‌ لە‌وە‌ی مە‌ترسیی ئەو گروپە تێرۆریستییە ھە‌ر زیندووە‌، پێویستیشە كێوماڵ و چاودێری و پڕكردنە‌وە‌ی بۆشایی ئە‌منی ئە‌و ناوچانە‌ زیاتر بێت بە‌تایبە‌ت ئە‌و ناوچانە‌ی دە‌كە‌ونە‌ نێوان ھێڵی بە‌رگری ھێزی پێشمە‌رگە‌ و ھێزە‌ عێراقییە‌كان، بە‌ھاوكاری و ھە‌ماھە‌نگی ھێزە‌ ھاوپە‌یمانە‌كانمان. ھاوتە‌ریبیش لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌؛ كار بۆ نە‌ھێشتنی فیكری تیرۆریستی بكرێت چونكە‌ تاوە‌كو ئە‌و فیكرە‌ بمێنێت، تیرۆریش ھە‌ر دە‌مێنێت. ھە‌روە‌ھا پێویستە‌ شانە‌ نووستوە‌كانیشیان لە‌ڕە‌گەوە ریشە‌كێش بكرێن."

جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەی حکومەتی هەرێمدا دەڵێت " بۆ رێگری کردن لە هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی هاوئاهەنگی وکاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە و دەردەبڕێت لەو بوارەدا".

شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجە. لە ئاکامی ئەو هێڕشەدا 13 کەس گیانیان لە دەستدا لە ناویاندا 3 هاووڵاتی مەدەنی و 10 کەس پێشمەرگە. یەکێک لە قوربانییەکان منداڵە. کاربەدەستان دەڵێن لەم هێرشەدا 5 کەسیش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG