Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: گفتوگۆ ناوکییەکانی ئێران


خولی نوێی گفتوگۆ ناوکییەکانی نێوان ئێران و وڵاتە زلهێزە جیهانییەکان دوای زیاتر لە 5 مانگ وەستان، سەرەتای ئەم هەفتەیە و لە ڕۆژی دوو شەممەدا سەر لە نوێ دەستی پێکردەوە بۆ یەکەمین جار دوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی، وەک سەرۆکی نوێی ئێران.

وەک هەر شەش خولی دیکەی گفتوگۆکان، کە لە مانگی چواردا دەستیپێکرد، ئەمەریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکات.

ئەمەریکا و وڵاتە زەلهێزەکانی دیکە دەڵێن کاتەکە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران سورە لەسەر داخوازییەکانی و هەندێ لە شیکەرەوانیش دەڵێن پێناچێت ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە.

داهاتووی گفتوگۆکان بەرەو کوێ دەچێت و ئایا ڕێککەوتنێک دێتە ئاراوە؟

پێشکەوتن لە ڕێککەوتنەکەدا پەیوەستە بە پێگەی ئێرانەوە، چونکە ئەگەر بیەوێت لە خاڵی سفرەوە دەست بە گفتوگۆکان بکات، ئەوا ڕەنگە زیاتر بخایەنێت تاکو ئەنجامی گفتوگۆکان دیاری بکرێت.

بەپێی لێدوانەکانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی دانوستانکاری ئێران پێدەچێت دەستکەوتەکانی شەش خولی پێشوو بەلایانەوە جێگای بایەخ و متمانە نەبێت.

لە لایەکی دیکەشەوە وەک باس دەکرێت، هەنگاوەکانی پڕۆسەی گفتوگۆکان چ لە سەردەمی ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوو، چ لە ئێستادا بە ئاگاداری و ڕەزامەندی ڕێبەری ئێران چووەتە پێشێ، کەوایە هۆکار چییە کە ئێران گومانی لە دەستکەوتەکانی ئەو شەش خولەی ڕابردوو هەیە؟

ئایا ڕێبەری باڵای ئێران لە مەڕ گفتوگۆکانی ئەم خولە هیچ کاردانەوەیەکی هەبووە؟

زۆرێک لە خەڵکی ئێران چاوەڕێی داهاتووی ئەم ڕێککەوتنە دەکەن و پێیانوایە ئەگەر ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە، ئاوا دۆخ و گوزەرانی ژیانیان باشتر دەبێت.

گەر ڕێککەوتنەکە سەر بگرێت ئابووری و سیاسی ئێران چ گۆڕانێکی بەسەردا دێت؟

گەر لایەنەکان نەگەنە ئەنجام، ئایا ئێران دەتوانێت لە دۆخی ئێستادا هەڵبکات؟

لە هەر دانوستاندن و گفتوگۆیەکدا لایەنەکانی گفتوگۆ دەبێت شتێک بدەن تاکو شتێک وەربگرن، ئەو خاڵانەی کە کۆماری ئیسلامی دەبێت بیدات بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بگاتە ئەنجام چین؟

ئایا ئێران ستراتیژییەکی ڕوون و ڕاشکاوانەی لە گفتوگۆکاندا هەیە؟

داواکارییەکی سەرەکی ئێران لە گفتوگۆکاندا، لابردنی هەموو گەماڕۆکانە لەسەر ئێران، ئەمە لە ڕووی پراکتیکیەوە تا چەند دەتوانێت جێبەجێ بکرێت؟ کام لەو گەماڕۆیانە دەکرێ لە ڕووی ئاساییەوە دەستبەجێ لاببرێت و کامیان ئێمکانی لابردنی نییە؟

داواکاری دیکەی ئێران مسۆگەر کردنی ڕێککەوتنەکەیە و دەڵێن دەبێت ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەک بێت کە دوای کۆتایی هاتنی سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەمەریکا، سەرۆکەکانی تر نەتوانن هەڵیبوەشێنەوە و یان سزای دیکە بەسەر ئێراندا بسەپێنن، ئایا بایدن و بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەو دەسەڵاتەیان هەیە بتوانن ڕێککەوتنێکی لەو چەشنە ئەنجام بدەن؟

ئیسرائیل پێیوایە کە ئێران دەیەوێت کات بکوژێت بۆ ئەوەی بتوانێت پەرە بە بەرنامە ناوکییەکەی بدات، تەنانەت لە ڕاپۆرتێکدا کە پێشکەشی ئەمەریکای کردوە دەڵێت تا چەند هەفتەی تر ئێران دەتوانێت ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیوم بگەیەنێتە 90% .

هەر بۆیەش وەزیری دەرەوەی ئیسرائل ڕۆژی سێشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی فەرانسا جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە تەنیا لە ڕێگای هێرشی سەربازییەوە دەکرێت ڕێگە لە ئێران بگیرێت، بەو پێیەی کە ئێران سورە لە سەر داواکارییەکانی و لەو لاشەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەشێوەک بێ هیوا بوون، ئایا فشارەکانی ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هۆی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران؟

ئەوروپا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمەریکا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە. چی وا دەکات ئەوروپا ‌هێندە سوور بێت لەسەر زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە و بەرژەوەندییەکانی چین؟

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا بەفراو نوری میوانداری هەریەک لە دکتۆر خالید تەوەکولی، پسپۆری سیاسەتی ناوخۆی ئێران لە ئێران و دکتۆر ڕامین مەفاخری مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەریتانیاوە کردووە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکە.

درێژەی وتوێژەکان لەم فایلە دەنگییەی خوارەوەدایە

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:04 0:00


XS
SM
MD
LG