Accessibility links

ئەردۆغان بەرگری لە سیاسەتی ئابوری خۆی دەکات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی چوارشەممە بەرگری لەسیاسەتی ئابوری "مەترسیدار بەڵام دروست" ی خۆی کرد کە خۆی دەبینێتەوە لە دابەزاندنی ڕێژەی قازانجدا. لەکاتێکدا بانکی ناوەندی چۆتە نێو بازاڕەکان و پشتیوانی لە لیری تورکی دەکات کە لە دابەزیندایە.

خێزانەکان لە تورکیا لە ژێر فشارێکی تونددان بەهۆی قەیرانی دراوەوە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هێزی کڕین لەلایەن خەڵکی تورکیاوە. لەکاتێکدا هێشتا هەڵئاوسانی ئابوری لە ئاستێکی بەرزدایە و لیرەش گەیشتۆتە نزمترین ئاستی پێوانەیی خۆی.

لە ژێر فشاری ئەردۆغاندا کە لە ساڵی 2019 ەوە سێ پارێزگاری لە کارەکانیان دوورخستۆتەوە، بانکی ناوەندی لە مانگی 9 وە سەرەڕای هەڵئاوسان لە خانەی دەیانی دراودا چەندەها جار ڕێژەی قازانجی کەمکردۆتەوە.

سەرۆکی تورکیا دژایەتی بیرکردنەوەی باوی ئابوری دەکات و دەڵێت ڕێژەی قازانجی بەرز بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی ئابوری و جارێکی تریش بەڵێنی دا کە ڕێژەی سەرەکی بە نزمی بهێڵێتەوە.

ئەردۆغان بە پەرلەمانتارانی حیزبی فەرمانڕەوای راگیاند و وتی " ئەوەی ئێمە دەیکەین ڕاستە، ئێمە پلانێکمان داناوە لە ڕووی سیاسییەوە پڕە لە مەترسی، بەڵام ڕاستە."

لە درێژەی قسەکانیدا ئەردۆغان وتیشی: "جیهان دەزانێت کە من چەند دڵگرانم لە بەرزبونەوەی ڕێژەی سوودەکان من هەرگیز لە بەرژەوەندی ڕێژەی قازانجدا نەبووم. من ئەمڕۆ لەگەڵیدا نەبووم و سبەینێش لەگەڵیدا نابم."

هەروەها وتیشی تورکیا لەو سیاسەتە دورکەوتۆتەوە کە پشت بە رێژەی بەرزی قازانج دەبەستێت، لەبری ئەوە پشت بە ستراتیژی گەشەکردن دەبەستێت لەسەر بنەمای وەبەرهەمهێنان و دامەزراندن و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن.

زانیاریە فەرمیەکان لە ڕۆژی سێشەممە دا ئەوە دەردەخەن کە تیشک خستنەسەر گەشەکردن توانیوێتی گەشە بە ئابوری بدات بە رێژەی لە 7.4٪ لەسەر ئاستی ساڵانە لە چارەکی سێهەمی ساڵی 2021 دا.

بەپێی بانکی ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان؛ پێشبینی دەکرێت ئابوری تورکیا ئەمساڵ لەسەدا 9 و لەسەدا 3.5 لە ساڵی 2022 دا گەشە بکات.

زیادبوونی نیگەرانیەکان

کەمێک پێش قسەکانی ئەردۆغان، بانکی ناوەندی بۆ پشتیوانیکردنی لیرە دەخالەتی کرد لەکاتێکدا لیرەی تورکی بە نزیکەی لەسەدا 30ی بەهای خۆی لە بەرامبەر دۆلاردا لە مانگێکدا لە دەستداوە.

بانکەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "دەستیکردووە بە ئەنجامدانی مامەڵەکان لە بازاڕی بۆڕسەی ئەستەنبوڵ (VIOP) بەهۆی کڵێشەی نرخە ناڕاستەکانی دراوەوە."

دوای ڕاگەیاندنەکە، نرخی لیرە بەرزبۆوە؛ بە نزیکەی لەسەدا سێ بەرزبووەوە تا گەیشتە 13.02 لیرە بەرامبەر نرخی یەک دۆلار.

لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە لیرە زیاتر لە 43٪ ی بەهای خۆی لە بەرامبەر دۆلاردا لە دەستداوە.

بەپێی ئۆپۆزسیۆن؛ دوابەدوای قەیرانی دراو لە ساڵی 2018 دا یەدەکی دراوی بیانی بانکی ناوەندی بە بەهای 128 ملیار دۆلار بۆ پشتیوانیکردنی لیرەی تورکی بەکارهاتووە.

بەڵام سەرۆکی تورکیا مانگی ڕابردوو ستایشی یەدەگی بەهێزی بانکەکەی کرد و گوتی زیادیکردووە بۆ 127 ملیار دۆلار.

کەمترین کرێی مانگانەی خەڵکی تورکیا 2.825.90 لیرەیە کە دەکاتە 214 دۆلار، بەڵام لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بەهاکەی نزیکەی 380 دۆلار بووە.

گفتووگۆی فەرمی لەسەر زیادکردنی کەمترین ڕادی کرێ لە ڕۆژی چوارشەممە دا دەستیپێکرد بە سەرۆکایەتی وەزیری کار کە پێشبینی دەکرێت لە 30٪ ی بەرزببێتەوە.

کێشەکە گرنگە چونکە شەش ملیۆن کەس لە تورکیا کەمترین کرێ وەردەگرن و ئەردۆغانیش بە تەواوەتی درک بەو هەستی دڵنیابوونەوەیە دەکات لە گرنگی ئابوریەکی تەندروست و خەڵکیش بەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 هەست بە ئاسوودەیی دەکەن.

داتای نرخی بەکاربردن لە مانگی 11 دا لە ڕۆژی هەینی ڕادەگەیەنرێت، یەکەم کۆمەڵە داتایە لەوەتەی قەیرانی دراوی ئەم دواییە روویداوە. ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە لە مانگی 10 ی ئەمساڵ دا 19.89٪ بووە.

XS
SM
MD
LG