عەرەبستانی سعودیە یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە کەنداو ڕاگەیاند. کاربەدەستێکی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە ڕایگەیاند ئەو حاڵەتە توشی هاووڵاتییەک بووە کە لە باکوری ئافریکاوە گەڕاوەتەوە.
ئەم جۆرەی ڤایرۆسەکە کە یەکەم جار لە ئافریکای باشوور ڕاگەیەندرا ، بووەتە هۆی نیگەرانی حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهان و فشاری بۆ بردوون تا ڕێوشوێنی قەدەغەکردنی گەشتکردن بگرنەبەر .
ئەو کاربەدەستەی وەزارەتی تەندروستی سعودیە بە ئاژانسی دەنگوباسی SPA ی وڵاتەکەی گوتووە " حاڵەتێکی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکە لە شانشینەکە دەرکەوتووە, توشی هاووڵاتییەک بووە کە لە وڵاتێکی باکووری ئافریکاوە هاتووە."
هەروەها گوتوشیەتی " توشبووەکەو ئەوانەش کە بەریەککەوتنیان لەگەڵیدا هەبووە کەرەنتینە کراون و ڕێوشوێنی پێویستی تەندروستی گیراوەتەبەر."
سعودیە هەفتەی ڕابردوو گەشتەکانی حەوت وڵاتی باشووری ئافریکای ڕاگرت بەڵام گەشتەکانی وڵاتانی باکووری ئافریکا هەر بەردەوام بوون.
شانشینەکە هەندێک لەو کۆتوبەندانەی کە لە سەرەتای پەتاکەوە داینابوون سوکتر کردووە و ڕێگەی داوە کە خەڵکی بگەڕێنەوە بۆ شوێنە پیرۆزە ئاینییەکانی موسوڵمانان بۆ نوێژ و نزاکردنیان و هەروەها لە مانگی 10 وە نوێژکردن شانبەشانی یەکتر لە مزگەوتەکاندا دەستیپێکردووەتەوە.
لەو کاتەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە عەرەبستانی سعودیە 549 هەزار حاڵەتی ڕاگەیاندووە کە لەوانەدا 8 هەزار و 836 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەتا ئێستا لەو شانشینەی کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 35 ملیۆن کەسە زیاتر لە 47 ملیۆن بەشە ڤاکسین دابەشکراوە.
سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی AFP