Accessibility links

تورکیا هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەدات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردوگان ڕۆژی دووشەممە گوتی تورکیا ئامادەیە ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئۆکرانیا و روسیادا بگێڕێت، ئەمەش وێڕای ئەوەی تورکیا مۆسکۆی تۆڕەکردوە بەهۆی ئەوەی تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵدا و لە سەروبەندی گرژیەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا فڕۆکەی بێفرۆکەوانی جەنگی بە ئۆکرانیا فرۆشتووە.

جێی ئاماژەیە کاربەدەستانی ئەمەریکا، هاوپەیمانی ناتۆ و ئۆکرانی دەڵێن ڕوسیا لە ناوچەی هاوسنوری لەگەڵ ئۆکرانیا هێزی کۆکردوەتەوە.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا پێشتر هۆشداریان داوەتە هاوپەیمانەکانی ناتۆ کە کرێملین لەوانەیە پلانی هەبێت بۆ داگیرکردنی بەشەکانی دیکەی ئۆکرانیا لە دووبارە لکاندنەوەی کریمیا وەک ئەوەی لە ساڵی 2014دا ڕوویدا.

تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل و میسر

لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی تورکیا دەڵێن سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندوە کە بەنیازە هێدی هێدی لە ئیسرائیل و میسر نزیک ببێتەوە، دوای ئەوەی تورکیا لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەبی هەڵدایەوە.

سەرۆکی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا سەبارەت بە پەیوەندیە ئاڵۆزەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و میسردا گوتی " لە ئایندەدا ئامادە دەبین ناوی باڵیۆزەکانمان دیاری بکەین ئەوەش بە گوێرەی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو کاتێک ئەو بڕیارەماندا"، گوتیشی بەرەو پێشچوون بە قۆناغ دەستەبەر دەکەین.

جێی ئاماژەیە لەوکاتەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە ساڵی 2010 دا هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی تورکی کە هەوڵی دەدا یارمەتی و کۆمەکی مرۆیی بگەێنێتە کەرتی غەزەی فەلەستینی و قوربانی گیانی لێکەوتەوە، بارگرژی کەوتووەتە نێوان پەیوەندیەکانی ئەنکەرە و ئیسرائیلەوە.

XS
SM
MD
LG