Accessibility links

كۆنفرانسی یەكسانی جێندەری و ستراتیژیەتی بەهێزكردنی پێگەی ژنان لە هەولێر بەڕێوەچوو


ڕۆژی یەكشەممە لە هەولێر كۆنفرانسی یەكسانی جێندەری و ستراتیژیەتی بەهێزكردنی پێگەی ژنان لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا بەڕێوەچوو، لەو كۆنفرانسەدا ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆران و كەسانی ئەكادەمی و سیاسەتمەداران و كەسایەتی بیانی و نێوخۆیی و كاربەدەستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنان ئامادەبوونیان هەبوو و سەرنجەكانی خستەڕوو.

دكتۆر نزار عیسمەت بەڕێوەبەری پانێلێكی كۆنفرانسەكە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" مەبەستی سەرەكی كۆنفرانسەكە ئەوەیە كە ئاستی هوشیاری خەڵكی لەسەر توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیاتر بەرزبكرێتەوە و ڕێگری بكرێت و هەروەها ڕێگە چارەش بدوزرێتەوە، ئەو پانێلەی كە ئێمە تێیدا بەشداربووین زیاتر كاریگەری قەیرانەكان لەسەر ڕەوشی ژنان و توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان بووە واتا قەیرانە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان تا چەند زیادیان كردووە و چۆن بتوانین لە ڕووی پڕاكتیكی ڕێگە چارەیەك بدوزینەوە بە تایبەتی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش و ڕزگاربووانی توندوتیژی جێندەری بەگشتی و هەر پانەلێستێكی بەشدار بە شیوەیەك بۆچوونی دەخستەڕوو كە فیعلەن چارەیەكی پراكتیكی بدوزنەوە".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسەكەدا گووتی " ڕاستيیەک هەیە دەمەوێ بیخەمەڕوو زۆر باس لە یەکسانيی نێوان دوو ڕەگەز دەکرێت. دەمەوێ تێگەیشتنی خۆم بۆ یەکسانيی نێوان پیاو و ئافرەت لە یەک ئامانجی گشتگیردا بخەمەڕوو: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کۆمەڵگایەک بنیات بنێین کە تێدا پیاو و ژن وەک یەک سوودمەند بن لەو ده‌رفه‌تانه‌ى بۆیان دەرەخسێت. وەک یەک سوودمەند بن لە مافەکانیان. وەک یەک بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. بە جۆرێک کە هەردوو ڕەگەز بە یەکسانی بواریان پێبدرێت بۆ بەشداريی ئابووری، بۆ دروستکردنی بڕیار، بۆ ئەزموونکردنی ویستەکانیان و بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستیيەکانیان". هەروەها بارزانی دەشڵێت" باسی یەکسانيی نێوان نێرومێ، کوڕ و کچ و پیاو و ژن، لە بنچينەدا باسێکی سیاسییە، پەیوەستە بە مافی تاکەکەسەوە لە کۆمەڵگادا. ئەگەر مافەکان بۆ هەموو تاکەکان وەک یەک بن، کەواتە نابێ ڕەگەزێک ئەوی دی پەراوێز بخات، نەیخوێنێتەوە، بەشداری پێنەکات، یاخود ستەمی لێ بکات و لەگەڵیدا توندوتیژ بێت. زۆر هۆکار هەن کە وایانکردووە ئافرەت ستەملێکراو بێت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، لەوانە: بەشوودانی زۆرەملێ، کوشتن بە بیانووی ئابڕوو، دەستدرێژيی سێکسی، توندوتیژی لە ناوەوەی خێزان و لە دەرەوەی خێزان، یاخود پەراوێزخستن و ژێردەستەکردنی".

ژمارەیەكی زۆر لە كاربەدەست و چاڵاكانی ژن بەشداری ئەم كۆنفرانسە بوون و تێبینی و سەرنج و ڕەخنەكانیان خستەڕوو، گەزیزە باپیری چاڵاكی ژن بۆ دەنگی ئەمەریكا گووتی" ئەوەی كە تایبەت لەو كۆنفرانسەدا تێبینیم كردووە ئەوەیە كە جیاوازیەكی زۆر تایبەت نابینم لە نێوان ئەم كۆنفرانسە و كۆنفرانسەكانی تر، پێم وایە ئەوەندەی كێشەكانی ژنان سواونەتەوە ئەوەندە نەچوون بەو ئاراستەیەدا كە چارەسەر بكرێن هەر زوری لەسەر دەگوترێت، لە لایەكی تریشەوە ئەوەندەی كە دەبینم نا یەكگرتوویەك هەیە لە نێوان ژناندا ئەوەندەی ئاگادارم ژنێك لەگەڵ خانمێكی تر دانەنیشتووە كە لە هەمان بابەت ئیش دەكەن بەڵام لەبەر ئەوەی هەردووكیان بۆ دوو سەنتەری جێندەر ئیش دەكەن پانێلەكانیان جیاكردووتەوە بە كورتیەكەی ئەوەندەی ئێستا بە ناو لەسەر لاپەرە بینیومە كە ژنەكانمان یەكگرتوو كردووە ئەوەندە لە نێو پراكتیزەدا ئەو یەكگرتووە نیە لە نێو ژناندا". باپیری گووتیشی" ژنانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی ئاگایان لە پەرلەمان و حكومەت نییە كەچی دەكرێت ستراتیژیەتیكی یەكگرتوو نییە كە ئەمانە بتوانن كار بۆ مافەكانی ژنان بكەن و ژنەكان بەدوور بگرن لە هەموو ئەو لایەنانەی كە بە حیزب و ئاین و كەلتوورەوە دەبەسترێنەوە".

هەر لەو كۆنفرانسەدا دكتۆر ڕێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گووتی" شێوازی توندوتیژیەكانی گۆڕاون پێشكەوتنی تەكنەلوژیا و زیادبوونی ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەگەر بە دیوێكی دەروازەیەك بێت بۆ كرانەوە بەڕووی جیهاندا بە دیوێكی تر بووەتە ئامرازێكی كاریگەر لە ئەنجامدانی توندوتیژیدا، زیاتر لە 50% شێوازەكانی توندوتیژی بە ئامێرەكانی پەیوەندی و لە ڕێگەی تەكنەلوژیاوە ئەنجامدەدرێت، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پێشنیازە یاسایەكی نوێی كردووە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئامادەكراوە داوا لە پسپۆران و شارەزایانی بەشداربوو لە كۆنفرانسی یەكسانی جێندەری و ستراتیژیەكی بەهێزكردنی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا دەكەین بە سەرنجە زانستی و ئەكادیمیەكانیان هاوكارێكی سەرەكی لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمانی كوردستان بن لە نووسینەوە و داڕشتنی بڕگە و مادەكانی نێو یاساكە بەجۆرێك كە هەلومەرجێكی باشتری بێ كەموكۆڕی بۆ دامەزراوە فەرمیەكان و دادگاكان بڕەخسێنێت كە بتوانێت بەربەست و ئاڵنگاریەكانی بەردەم یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011 تێپەڕێنێت".

جێی باسە كۆنفرانسی یەكسانیی جێندەری و ستراتیژیەتی بەهێزكردنی پێگەی ژنان لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا بە هاوبەشی نێوان هەریەك لە زانكۆكانی سەلاحەدین و سلێمانی و دهۆك و زانكۆی كوردستان-هەولێر سازكرا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:16 0:00


XS
SM
MD
LG