Accessibility links

هێرشێکی نوێی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە


شەوی ڕابردوو، داعش هێرشیکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لە قۆڵی ناوچەی کوڵەجۆی سنوری گەرمیان، لە ئەنجامی هێرشەکە 5 پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و 4 پێشمەرگەی تریش برینداربوون، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، شانە نوستووەکانی داعش هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

ڕائید ئومێد محەمەد فەرماندەی هێزی کۆماندۆ لە لیوای 5 ی پیادەی هێزی پێشمەرگە، لە بارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کاتژمێر نۆ و پەنجا خولەکی شەو، داعش هێرشی کردە سەر خاڵێکی سەربازی لەنزیک ناحیەی کوڵەجۆ، ئێمەش خاڵە سەربازیەکەمان ئاگادارکردەوە بەرگری بکەن، تا هێزیان پێدەگەیەنین."

ڕوونیشیکردەوە، وەکو هێزی کۆماندۆ ڕۆیشتوون بە هانای خاڵە سەربازیەکەوە و کاتێک گەیشتوون، داعش هێرشەکەی چڕکردووەتەوە بۆ سەریان و لەچوار قۆڵەوە پەلاماریان داون، کە زۆربەی چەکدارەکانی داعش چەکی قەناسی حەراریان پێبووە، وتی"لەکاتی هێرشەکەدا چەند پێشمەرگەیەک برینداربوون، ویستمان بە هەمەرێکی سەربازی بریندارەکان ڕزگاربکەین، بەڵام لەسەر ڕێگەکە بۆمبی چێنراویان دانابوو، بەهەمەرەکەدا تەقیەوە، لە ئەنجامدا دوو ئەفسەر و دوو پێشمەرگە شەهیدبوون، پێشمەرگەیەکیش کە 50%ی جەستەی سوتابوو، خۆی فڕێدابووە ناو جۆگەلەیەک ئاو، خۆی ڕزگارکردبوو."

زۆرجار چەکدارانی داعش لەکاتی هێرش دا، تەکنیکی هێرشکردنە سەر ڕەبیە و خاڵی سەربازی و دانانی بۆمب لەسەر ڕێگە سەرەکیەکان بەکاردەهێنن، لەو بارەیەوە ڕائید ئومێد وتی"لە تەکنیکی شەڕی داعش تێگەیشتووین، لەکاتی شەڕدا بۆمب دادەنێن، بەڵام بوونی بریندار لەناو ڕەبیەکە، وایکرد بەحەماسەتەوە بڕۆین بە هانایانەوە، تا نەهێڵین دەست بەسەر ڕەبیەکەدا بگرن، بۆیە مەسەلەی بۆمبمان لەبیرکرد."

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار بۆ دەنگی ئەمەریکا، پێشتر هێزەکانی پێشمەرگە لەپلانی داعش بۆ هێرشکردنە سەریان ئاگادارکراونەتەوە، بەتایبەت دوو ڕۆژ لەمەوبەر، دەستگیرکراوە بەسەر ژمارەیەک بۆمبی چێنراوی داعشدا لەناوچەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە.

سەرچاوەکە، وتیشی"هێرشەکەی ئەمشەوی سنوری کوڵەجۆی نێوان کەلار و ناحیەی جەلەولا، لەلایەن مەفرەزەکانی سنوری جەلەولای داعشەوە ئەنجامدراون، زۆربەی چەکدارەکان خەڵکی گوندەکانی گڵەیی و قایەن."

لای خۆیەوە ڕائید ئومێد محەمەد نەیشاردەوە پێشتر لە پلانی هێرشی داعش ئاگادارکراونەتەوە، وتی"چەندین جار ئاگادارکراوینەتەوە، کە چەکداری داعش بینراون و نیازی هێرشیان هەیە، بەڵام چەندین جار تا بەرەبەیان بۆیان دانیشتووین، نەهاتوون."

فەرماندەی هێزی کۆماندۆی پێشمەرگەی لیوای 5 ی پیادە ئاشکراشیکرد، ماوەیەک لەمەوبەر بەرپرسێکی شانەنوستووەکانی داعش هێزەکانی ئاگادارکردووەتەوە، لەهەموو سنورەکان هێرش و چالاکیان هەیە، بەڵام لەسنوری کوڵەجۆ بێدەنگن و قابیلی قەبوڵ نیە، وتی"هێرشەکە لەلایەن شانە نوستووەکانەوە ئەنجامدرا، چونکە لەکامیراکاندا دیارن کە دێن، بەڵام ساتی گەڕانەوەیان دیارنیە، کەواتە لەناوچەکەدا خۆیان حەشارداوە."

ناحیەی کوڵەجۆی سنوری گەرمیان، کە دەکەوێتە باشوری قەزای کەلار و باکوری ناحیەی جەلەولاوە، پێشتریش داعش چەندین جار هێرشی بۆ سەر ئەو ناحیەیە ئەنجامداوە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە ناوچەکە ئارامە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:34 0:00


XS
SM
MD
LG