Accessibility links

فەڕەنسا ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر ئۆتۆنۆمی بۆ گوادێلۆپ بکات


سباستیان لێکۆرنو وەزیری حکومەتی فەڕەنسا بۆ چاودێری کردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسا دەڵێت، وڵاتەکەی دەخوازێت گفتوگۆ لەسەر پێدانی ئەتۆنۆمی بە گوادێلۆپی فەڕەنسی لە ناوچەی کاریبی بکات، ئەگەر لە بەرژەوەندی ئەو خەڵکەدا بێت کە لەوێ دەژین.

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە گوادێلۆپ و دورگەی مارتینیکی نزیکی خۆپیشاندان لە دژی کۆتوبەندەکانی پەیوەست بە کۆڤید-19 ئەنجام دەدرێت کە توندوتیژی لێکەوتووەتەوە.

لێکۆرنو وەزیری چاودێری کردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە شەوی هەینی ڕایگەیاندووە کە چەند کاربەدەستێکی هەڵبژێردراو لە گوادێلۆپ بابەتی ئەتۆنۆمی و گۆڕینی پێگەی وەکو ناوچەیەکی دەرەوەی وڵاتیان هێناوەتە گۆڕێ.

ئەو دەڵێت " حکومەت ئامادەیە لەم بارەیەوە گفتوگۆ بکات. هیچ گفتوگۆیەکی خراپ نییە، هەتا ئەو کاتەی مەبەست لێیان چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی کێشەی ڕۆژانەی خەڵکی بێت لە گوادێلۆپ."

ئەو گویشی ئەمە یەکێکە لە زنجیرەیەک دەسپێشخەری حکومەت لە پاریس بۆ گوادێلۆپ، لە ناویاندا بەرەوپێشخستنی سیستمی تەندروستی، پرۆژەکانی ژێرخان و بەرنامەکان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجەکان.

حکومەتی فەڕەنسا لەم هەفتەیە ڕایگەیاند مەرجی ڤاکسین وەرگرتنی دژە کۆرۆنا بۆ کارمەندانی کەرتی حکومی و تایبەت لە گوادێلۆپ دوا دەخات.

لە کاتێکدا ئەمە بوبوو بەهۆی خۆپیشاندانی ناڕەزایی، هەڵگیرسانەوەی ناڕەزایی درێژدەمی ئاستی ژیان و پەیوەندییەکان لەگەڵ پاریسدا.

لە گوادێلۆپ بێمتمانەییەکی مێژوویی هەیە لەسەر مامەڵەکردنی حکومەتی فەڕەنسا بۆ قەیرانی تەندروستی پاش ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە ساڵی 1970 کاندا ژەهراوی بوون بەهۆی دەرمانێکی کە لە باخی مۆزەکان بەکاردەهێرا بۆ پاککردنەوە.

سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG