Accessibility links

پۆڵا تاڵەبانی: هەمووان هاوڕان لەسەر بەکارنەهێنانی هێز لە کێشە نێوخۆییەکاندا


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سیستەمی هاوسەرۆکی بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی گونجاو نیە، دەبێت سیستەمێک پەیڕەو بکرێت لەگەڵ واقیعی ئێستای حیزبەکەی بگونجێت، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە سەرکردایەتی حیزبەکەی هاوڕان لەسەر بەکارنەهێنانی هێز لە کێشە ناوخۆییەکاندا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت"سەرکردایەتی یەکێتی لەهەوڵدایە، کێشەکان بەگفتووگۆ چارەسەر بکات."

وتیشی"لەهەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و گفتووگۆ."

سەرکردەکەی یەکێتی ڕوونیکردەوە، هەندێکجار ڕووداوەکان سەردەکێشن بۆ دۆخی نەخوازراو، لە کاتێکدا ئەو دۆخە نەخوازراوە خواستی هیچ سەرکردەیەکی یەکێتی لەسەر نیە بە هاوسەرۆکیشەوە، وتی"کەس لەگەڵ ئەوەنیە کێشەکان بەهێز چارەسەر بکرێن، هەمووی لەگەڵ دیالۆگ و گفتووگۆدایە."

لە ئێستادا لاهور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی خۆی دەناسێنێت، لەکاتێکدا باڤڵ تاڵەبانی جەخت لەسەر دوورخستنەوەی دەکات، لەبارەی سیستەمی هاوسەرۆکیەوە، پۆڵا تاڵەبانی وتی"بەشێکی زۆر لەناوخۆی یەکێتی پێیانوایە سستمی هاوسەرۆکی گونجاو نیە، لەگەڵ ئەوەن شتێکی گونجاو بدۆزرێتەوە کە لەگەڵ واقیعی یەکێتی بگونجێت."

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، عەمید موراد کانی کوردەیی فەرماندەی سەربازی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لە ڕانیە کوژرا و دواتر میدیای یەکێتی هۆکاری کوشتنەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە، گوایە داواکراو بووە و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەکان بووەتەوە، بەڵام لاهور شێخ جەنگی لە وتارێکدا ڕایگەیاند"بەرنامەی تیرۆر بووەتە ئەجێندای یەکێتی نوێ، ڕۆژانە کادیرە سەربازی و سیاسیەکان دەستگیردەکات و تیرۆر دەکات."

لەبارەی لێکەوتنەوەی قوربانی لە کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی، پۆڵا تاڵەبانی وتی"بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش ڕوونبوو، بڕیاڕی دەستگیرکردنی هەبووە و خۆی ڕادەست نەکردووە، لەئەنجامدا ئەو دۆخە ڕوویداوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:19 0:00


XS
SM
MD
LG