Accessibility links

ڕێبەرانی جیهان هەوڵ دەدەن زۆرترین ڕێژەی دانیشتوانیان ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن


لە کاتێکدا وەرزی زستان لە نیوەگۆی باکوری زەوی دەستپێدەکات و پەتای کۆڤید-19یش لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەمەریکای باکور لە بەرزبوونەوەدایە، ڕێبەرانی سیاسی لە واشنتنەوە بگرە هەتا دەگاتە بروکسڵ هەوڵێکی زۆردەدەن بۆ قائیلکردنی خەڵکی تا ڤاکسینەکانی دژ بەو پەتایە وەربگرن کە هەتا ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهاندا.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فشارێکی زۆر لەلایەن سەرۆک جۆ بایدن بۆ ناچارکردنی هەموو ئەو بازرگانیانەی کە زیاتر لە 100 کارمەندیان هەیە تا کارکەرەکان یان ڤاکسین وەربگرن و یان بە بەردەوامی پشکنین ئەنجام بدەن، ڕووبەڕووی دادگا دەبێتەوە.

لە سەرانسەری ئەوروپا لەم هەفتەیە خۆپیشاندان ئەنجام درا، کە هەندێکیان توندوتیژیشی لێکەوتەوە، لە کاتێکدا حکومەتانی چەند وڵاتێک ڕایانگەیاند دەشێت ڕێوشوێنی توندتر لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرنەبەر، لە ناویاندا سنووردارکردنی ئەو خەڵکانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە بۆ بەشداریکردن لە زۆر شتنی ژیانی ڕۆژانە لە شوێنە گشتییەکاندا.

بە گوێرەی نێوەندی لێکۆڵینەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی جۆن هۆپکنس نزیکەی 7.5 ملیار دەرزی ڤاکسین دابەشکراوە لەو کاتەوەی کە ڤاکسینەکان ئامادەبوون. ئەو ڤاکسینانە بە یەکسانی لە هەموو جیهاندا بڵاو نەبوونەتەوە. زۆربەی ڤاکسینەکان لەلایەن وڵاتانی دەوڵەمەندەوە کڕدراون، وەک ئەمەریکا و زۆربەی ئەوروپا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەبوو ئەوروپا و ئەمەریکای باکور لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی حاڵەتەکانی ئەم زستانەدا پارێزراوبن، بەڵام تەنانەت لەو وڵاتانەشدا کە ڤاکسینی زۆر بەردەستە، ڕێژەی ئەو دانیشتوانەی خواستوویانە ڤاکسینەکە وەربگرن جیاوازە.

بە پێی ئامارەکانی جۆنس هۆپکنس تەنها %59.7 هاووڵاتیانی ئەمەریکا هەردوو دەرزی ڤاکسینەکانیان لێداوە بەبەراورد لەگەڵ %76.9 ی کەنەدا و %50.4 ی مەکسیک. لە ئەوروپاش جیاوازی لە نێوان ڕێژەکان زۆر هەر لە %86.9 ی وڵاتی پورتوگالەوە بگرە هەتا دەگاتە تەنها %12.6ی ئەرمینیا.

لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەڕاست، حاڵەتەکان لە ئەڵمانیا و دانیمارک لە بەرزبوونەوەدایە، لە کاتیکدا ڕێژەی ئەو دانیشتوانی کوتراون %68.1 و %76.4. هەردوو وڵات ڕێژەی کوتانەکانیان لە ئاستی ئاسایی زیاترە. ئەمەش وایکردووە ڕێبەرەکان کارێک بکەن خەڵکێکی زیاتر خۆیان دژ بە ڤایرۆسەکە بکوتن.

ڕێگا جیاوازەکان بۆ ڤاکسینەکان

ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان - ئیندۆنیزیا، مایکرۆنیسیا و تورکمانستان- پێداویستی تەواویان جێبەجێ کردووە کە هەموو پێگەیشتووەکان ڤاکسینەکان وەربگرن.

لەم هەفتەیەدا نەمسا بوو بە یەکەم وڵاتی ئەوروپا کە ڕایگەیاند کە وەرگرتنی ڤاکسین دەبێتە مەرج و هەتا مانگی 2 دەبێت هەموو پێگەیشتووەکان ڤاکسینەکانیان وەرگرتبێت. ئەم ڕاگەیاندنەش لە کاتێکدایە کە حکومەت دەڵێت چوارهەم قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە سەرانسەری وڵاتەکە ڕادەگەیەنیت بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەویە ڤایرۆسەکە و ئەمەش بووەتە هۆی خۆپیشاندان لە تەواوی وڵاتەکەدا.

بەشێکی زۆری وڵاتان ڕێگەیەکی هەرزانتریان گرتووەتەبەر و هەوڵ دەدەن کارێک بکەن ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتبێت نەتوانن بچنە شوێنە گشتیەکان لە ناویاندا چێشتخانە، کۆنسێرتەکان و بۆنە گشتییەکانی تر.

بەشێکی تری کۆتوبەندەکان بۆ سەر ئەو کەسانەی کە ڤاکسینەکانیان وەرنەگرتووە لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئەوەیە ڕێگری کردنە لە گەشتکردنیان بۆ وڵاتێکی دیکە.

بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا پەیڕەوی سیستمی پاسەپۆرتی ڤاکسین دەکەن کە بەپێی ئەو سیستمە ئەگەر بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسین یان چاکبوونەوەت لە کۆڤید-19 پێنەبێت ڕێگەت پێنادرێت بچیتە شوێنە گشتییەکان.

مەرجی ڤاکسین وەرگرتن بۆ فەرمانبەرانی حکومی

یەکێک لە باوترین پێوانەکانی کە لە سەرانسەری جیهاندا گیراوەتەبەر، ئەو داواکارییەیە کە فەرمانبەرانی حکومەت ڤاکسینەکان وەربگرن بۆ ئەوەی لە کارەکانیاندا بمێننەوە.بێجگە لە ئەمەریکا ئەو وڵاتانەی تری کە ڤاکسین وەرگرتنیان بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەتیش کردووەتە مەرج بریتین لە کەنەدا، کۆستاریکا، دانیمارک، فیجی، هەنگاریا، ئیتالیا، لاتیڤیا، ڕووسیا، عەرەبستانی سعودیە، تونس، تورکیا و ئۆکرانیا.

بەشێک لەمانە کاتێکی دیاریکراویان بۆ ورەگرتنی ڤاکسین بۆ ئەو کارمەندانە داناوە کە مامەڵە لەگەڵ کڕیاردا دەکەن.

هەندێک لە وڵاتان لە ناویاندا دانیمارک، فەرەنسا، لوبنان، مەغریب و هۆڵەندا ئەو مەرجەیان بۆ کارمەندانی تەندروسی سنووردار کردووە بەڵام لە هەمانکاتیشدا کۆت و بەندیان بۆ ئەو کەسانەش داناوە کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.

XS
SM
MD
LG