Accessibility links

لە هەولێر ناڕەزایەتی خویندکاران بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان بەردەوامە


خۆپیشاندان لە هەولێر

بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەیانویست گردبوونەوە و خوپێشاندان بکەن بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان بەڵام وەک خۆیان باسی لێوەدەکەن لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بڵاوەیان پێکراوە. ڕۆژنامەنوسێکیش دەڵێت پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە لەکاتی ڕۆماڵکردنی گردبوونەوە و خوپێشاندانی خوێندکاراندا.

هێدی چاوەڕێ یەکێک لە رێکخەرانی گردبوونەوە و خوپێشاندانی خوێندکاران بە دەنگی ئەمەریکای وت" لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێک دراوە کە مینحەیەک بۆ خوێندکارانی کەمدەرامەت دابین بکرێت، بە چی میکانیزمێک دەزانن ئەمە خوێندکاری کەمدەرامەتە و ئەمە دەوڵەمەند؟ ئێمە داوای دەرماڵەمان کردبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت مینحەیەکتان بۆ دابین دەکەین، بۆیە خوێندکاران سورن لەسەر داوای مافی ڕەوای خۆیان کە ئەویش دەرماڵەیە چونکە پێویستیەکی گرنگە لەبەر ئەوەی خوێندکاران لە دۆخێکی زۆر خراپدان بەداخەوە ئەمڕۆ مامەڵەی هێزە ئەمنیەکان لەچاو ڕۆژانی تر تەواو توندتربوو و هەندێک لە خوێندکاران دەستگیرکراون و دەرگای کۆلێژی پەروەردە و ئادابیشیان گرتبوو."

ڕۆژنامەنووسانیش بۆ ڕوماڵی خوپێشاندانی خوێندکاران چوونە شوێنی خوپێشاندانەکە بەڵام وەک ڕۆژنامەنوسێک دەڵێت لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پێشێلکاری بەرامبەر کراوە.

ئەیوب وەرتی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەکاتی ڕوماڵکردنی خوپێشاندانی خویندکاران کە داوای دەرماڵە دەکەن ئێمەش ویستمان پەیامی خوێندکاران بگەیەنین بەڵام هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کردە سەرمان و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانی ئیمەشدا گرت، خوپێشاندەران و خوێندکارانی ناڕازیش ئێمەیان لەدەست هێزە ئەمنیەکان ڕزگارکرد".

لە لایەکی ترەوە سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان دەکرێن، نەبەز ڕەشاد نوێنەری سەنتەری میترۆ بۆ داکوکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان لە هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای وت " وەکو سەنتەری میترۆ لە هەولێر چاودێری دۆخی ڕۆژنامەنوسانمان کردووە ئەو پێشێلکاریانەی کە هێزە ئەمنیەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانیان کردووە لەوانە لێدان و دورخستنەوە و تەشهیر و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانی وەکو میموری و کامیرا و موبایل هەبووە و ئەو کەناڵانەشی کە پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە ئێن ئاڕتی و سپێدە و پەیام و شار پرێس و پوڵەتیک و وێستگە نیوز و وڵات بوون، ئیدانەی ئەو پێشێلکاریانە دەکەین و هیوادارین حکومەت و هێزە ئەمنیەکان ڕێگە بە ڕۆژنامەنوسان بدەن کە ڕوماڵی خوپێشاندانانەکان بکەن."

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا ڕای یەکێک لە کاربەدەستانی هێزە ئەمنیەکانیش وەربگرێت سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان دەکرێن وەک ڕۆژنامەنوسان باسیان لێوە کرد بەڵام بەردەست نەبوو.

لە لایەکی ترەوە بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بابەتی ناڕەزایی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ وپەیمانگاکان تاووتوێ کرا، ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی پوختەی بابەتەکەی خستەڕوو بۆ ئەنجومەن، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆ وپەیمانگەکان ، ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی لەسەر زامنکردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابیان وخوێندکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان دوور لە توند وتیژی کردەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:56 0:00


XS
SM
MD
LG