Accessibility links

داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنە لە دەستگیرکردنی چالاکوانێکی ناوداری کشمیری دەگرن


چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەیان لە هندستان گرتووە بەهۆی دەستگیرکردنی چالاکوانی بەناوبانگ خورەم پەروێز لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی هندستاندا.

ئاژانسی لێکۆڵینەوەی نیشتمانی شەوی دووشەممە خورەم پەروێزی دەستگیرکرد لە کاتێکدا بەردەوامبوون لەسەر پشکنینی ماڵەکەی و ئۆفیسەکەی لە سرینەگەر.

ئەو بەپێی یاسای هندستان بۆ نەهێشتنی چالاکیە نایاساییەکانی دەستگیرکراوە،کە رێگە بە دەسەڵاتداران دەدات کەسێک بۆ ماوەی شەش مانگ بە بێ دادگاییکردن دەستبەسەر بکەن.

ئەنجێلیتا بەینس، جێگری سەرۆکی داکۆکیی نێودەوڵەتی و داوای یاسایی بۆ ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ڕۆبێرت ئێف کەنەدی لە ئەمەریکابە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سیاسەتی حکومەتی هندستان بە شێوەیەکی زیاتر بووە بە سیاسەتی چەکداری کردنی یاسا بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی کە دەنگیان هەڵدەبڕن و هەراسانکردنەکان شەرمەزار دەکەن کەسانی وەکو بەڕێز پەروێزی کە داکۆکیکاری ناوداری مافەکانی مرۆڤن."

پەروێز سەرۆکی هاوپەیمانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەمو و کشمیرە، کە گروپێکی مافەکانی مرۆڤەو ڕاپۆرت لەسەر ئەو توندوتیژییانە دەدات کە هێزەکانی هندستان لە ناوچەکە ئەنجامی دەدەن.

ئاژانسی لێکۆڵینەوەی نیشتمانی لەبارەی دەستگیرکردنی پەروێزەوە لێدوانێکی گشتی دەرنەکردووە.

چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ ئەنجانا چەتەرجی پسپۆڕی مرۆڤناسی لە زانکۆی کالیفۆرنیا تۆمەتەکانی دژی پەروێزی بە "بێبنەما" وەسف کرد.

چەتەرجی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت هەوڵ دەدەنئەوانە سەرکوت بکەن کە لە پرنسیپدا ئامادەنین ملکەچی بڕیارە سیاسییەکان بن." ئەو لە بارەی خورەمەوە گوتی " خوڕەم کەسێکی بوێر، بەتوانا، ڕاستگۆ و بەخشندەی مەزنە. کارەکەی گەواهیدەرە بۆ توانای ئەو بۆ بەگژداچوونەوەی سەرکوتکاری. دەوڵەت دەترسێت لە بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژنامەوانا، ڕۆشنبیران، پارێزەران و کۆمەڵگەی مەدەنی کە دژایەتی ناسیونالیزمی ڕەها دەکەن."

شێخ عەزیور ڕەحمان هاوکاری کردووە بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتەی دەنگی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG