Accessibility links

خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەولێر


لە هەولێر لەژێر دروشمی چیتان دەوێ خوێندکاران دەرماڵە مافی خۆتان، گردبوونەوەی بەشێک لە خوێندکارانی کولێژ و پەیمانگەکان بەڕێوەچوو تێیدا داوای سەرەکی ئـامادەبووانی گردبوونەوەکە گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان بوو.

خوێندکارانی زانکۆی هەولێری پزیشکی لەنێو گورەپان و بینای زانکۆکە گردبوونەوە، خوێندکارێکی کولێژی پزیشکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە دەنگی ئەمەریکای وت " هەموو بەشەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی گردبوونەتەوە، حەوت ساڵە ئەو دەرماڵەیەی کە مافێکی ڕەوای خۆمانە لە ئێمەی قوتابیان بڕاوە ڕەنگە ئەو دەرماڵەیە پێویستیەکی زۆری هەندێک لە خوێندکار و قوتابیان پڕبکاتەوە".

ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ڕۆماڵکردنی گردبوونەوەی خوێندکارانی کولێژی پزیشکی ئامادەبوون بەڵام لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە ڕێگە نەدرا بچنە ژوورەوە تا روماڵی گردبوونەوەکە بکەن و دەرگای دەرەوەی کولێژەکەش داخرا تا ئەو هەموو قوتابی و خوێندکارە نەهێنە سەر شەقامی بەردەم کۆلێژەکەیان ، ئومێد چومانی پەیامنێری ئێن ئاڕتی بەدەنگی ئەمەریکای وت " هێزێکی زۆری زێرەڤانی و ئاسایش و چاڵاکە مەدەنیەکان لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی هەولێری پزیشکی جێگیرکراون و ڕێگە نادرێت دەنگی خوێندکاران بگەیەنرێت و ڕۆماڵی خۆپێشاندانەکە بکرێت".

لە بارەی بڕی ئـەو دەرماڵەیەی کە ئەو خوێندکارانە داوای دەکەن، ئـەو خوێندکارە دەڵێت" بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار ئەوانەی لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە بڕی سەد هەزار دینارە و بۆ ئـەو خوێندکارانەشی نێو شار شەست هەزار دینارە. "

گردبوونەوە و خوپێشاندانی خوێندکارانی زانکو و پەیمانگەکانی بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە، لە لایەکی ترەوە بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئـەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبوونەتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا بابەتی ناڕەزایی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان تاووتوێ کراوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆ وپەیمانگەکان ، ئەنجومەنی وەزیران، جەختیشی لەسەر زامنکردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابیان و خوێندکارانی کردەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان دوور لە توندوتیژی."

جێی باسکردنە ڕۆژی چوارشەممە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان گردبوونەوە وەک ئەوان دەڵێن ساڵانێکی زۆرە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرماڵەیان پێ نادرێت ئـەو بڕە پارەیەش ئەوەندە زۆر نییە تا لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەبێت دابینی بکات بۆیە نەگەڕانەوەی ئـەو بڕە دەرماڵەیەی کە پێشتر هەبووە و پاشان تا ئێستا بڕاوە ناڕەزایەتیەکی زۆری لەسەر ئاستی جیاجیای دروستکردووە و فشاری زۆر بۆ گەڕانەوەی ئەو دەرماڵەیە دەکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:37 0:00


XS
SM
MD
LG