Accessibility links

پەیامنێرانی بێ سنور: دادگاکانی تورکیا لە ژێر کاریگەری سیاسیدان


پەیامنێرانی بێ سنور، ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر کاریگەرییە سیاسییەکان لەسەر سیستەمی دادوەریی ئانکەرە.

ئەم ناڕەزاییەی پەیامنێرانی بێ سنور، تەنها یەک ڕۆژ پێش دەستپێکردنەوەی لێکۆڵینەوەکانی تورکیایە لەسەر کوشتنی جەمال خاشوقچی ڕۆژنامەوان.

پەیامنێرانی بێ سنور، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، داوای لە تورکیا کردووە تا هەموو ئەوانەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی خاشوقچی و ڕۆژنامەوانێکی تری ناوداردا، دادگایی بکرێن و هەروەها داواش دەکات "هەنگاوی دەستبەجێیی بنرێن بۆ کۆتاییهێنان بە پەنا پارێزی.

سبەی سێشەممە، پێنجەمین دانیشتنی دادگایەکی ئەستانبوڵە لەسەر کوژرانەکەی مانگی 10ی ساڵی 2018ی خاشوقچی و لەو دادگاییکردنەشدا 26 گومانباری هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە بەبێ ئامادەبوونی خۆیان دادگایی دەکرێن.

لە مانگی 3ی ڕابردوودا دادگا دانپێدانانی بە ڕاپۆرتێکی ئەمەریکادا ڕەتکردەوە کە دەڵێت "موحەمەد بن سەلمان، جێنشینی پادشای عەرەبستانی سعودیە، ئەو کردەی کوشتنەی پەسەند کردوە."

پەیامنێرانی بێ سنور دەڵێت "ئەو ڕاستییەی دادپارێزان و دادگا هێشتا بەدواداچوونیان نەکردووە لەسەر ئەگەری تێوەگلانی موحەمەد بن سەلمان لە دۆسێی کوشتنی خاشوقچی جێی نیگەرانییە لە ڕووی جێبەجێکردنی دادوەرییەوە و هەروەهاش گومانیش دروست دەکات لەسەر ئەوەی ئایا دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا دەتوانێت دڵنیایی بدات کە لەژێر هیچ کاریگەرییەکی سیاسیدا نییە."

تا ئێستا دادگا توانیویەتی گوێ لە گەواهیدانەکانی 3 فەرمانبەری تورک بگرێت لە کونسوڵخانەی عەرەبستانی سعودیەدا کە جەمال خاشوقچی تیادا کوژرا.

پەیامنێرانی بێ سنور لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەشی کردوە بەوەی ڕۆژی چوارشەممە دوا دانیشتنی دۆسێی کوشتنی موسا عەنتەر، ڕۆژنامەوانی کوردە.

موسا عەنتەر، نوسەری وتاری سەرەکی ڕۆژنامەی ئوزگور گوندەم بوو لە ئەستانبوڵ. کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی گشتی ئەم ڕۆژنامەیە دەخوێننەوە.

موسا عەنتەر، لە ساڵی 1992 کوژرا و ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییەش دەڵێت "هیچ بڕیارێکی دادوەرانە لەسەر ئەو دۆسێیە نەدراوە لە کاتێکدا لە ساڵی 1998دا دەوڵەتی تورکیا دانی بەوەدا نابوو لە کوشتنی موسا عەنتەر تێوەگلاوە و مەخابنی خۆیشی دەربڕیبوو، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی دادوەرانە لەسەر ئەم دۆسێیە نەدراوە."

پەیامنێرانی بێ سنور دەڵێت "کوشتنی موسا عەنتەر، ئاماژەیەکی کۆنکریتییە کە پرۆسەی دادوەریی لە تورکیادا کاریگەری سیاسی لەسەرە."

ئەم ڕێکخراوە ئاماژەی بە ناوی نزیکەی 40 ڕۆژنامەوانی تر کردووە کە لە ساڵی 1990ەوە لە تورکیا کوژراون یان بێسەروشوێن کراون.

پەیامنێرانی بێ سنور، تورکیای لە ڕیزبەندی 153دا داناوە بۆ ئازادی ڕۆژنامەوانی لە نێو سەرجەم 180 وڵاتدا.

XS
SM
MD
LG