لە هەرێمی ئیدلب لە باکوری سوریا 2 کەس دەکوژرێن و 7 کەسی تریش بریندارن لە ئاکامی چەند هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا.
ڕوانگە، ڕێکخراوی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بنکە لە لەندەن دەڵێت "فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا شوێنێکی تایبەتی کۆکردنەوەی زەیتونیان کردبووە ئامانج و خەڵکی سیڤیل لەو شوێنەدا کاریان دەکرد."
ڕوانگە، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە دەکەوێتە دەوروبەری گوندی تەلتیتا و دانیشتوانەکەی ئەو ناوچەیەش دروزەکانن.
پێشتریش فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بۆرومانی پێگەکانی لایەنە ئیسلامییەکانی کردبوو لە نزیک ناوچەکانی لازقییە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر زیانی گیانی ئەو هێرشە ئاسمانیانە نەدراوە.
زیاتر لە 4 ملیۆن کەسی سیڤیل لە هەرێمی ئیدلب دەژین و لە سەرجەم ئەو ژمارەیەش نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە ئۆردوگای ئاوارەکاندا نیشتەجێن، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردونەتەوە.
زۆربەی دانیشتوانی هەرێمی ئیدلب لە ڕەوشێکی کارەساتاویدا دەژین بەهۆی بەردەوامی کردە لەشکرییەکانی ڕژێمی سوریا و ڕوسیاوە و هەروەهاش بەهۆی نەبەوونی دەرفەتەکانی کارکردنەوە لەو هەرێمەدا کە گەمارۆ دراوە.
لەوەتای ساڵی 2011 و دەستپێکردنی قەیرانی سوریا، تا ئێستا نزیکەی 500 هەزار کەس کوژراون و ژێرخانی وڵاتەکەش خاپور بووە، ئەمە بێ لەوەی نیوەی دانیشتوانی سوریا ئاوارەی ناو و دەرەوەی وڵاتەکە بوون.