Accessibility links

دکتۆر مەحمود عوسمان: ڕەنگە کێشەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تا سەری ساڵ درێژەیان پێبدرێت و دواتر کارتی تر بهێنرێنە پێشەوە


42 ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیووە، بەڵام تائێستا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕانەگەیاندووە، لایەنە سیاسیەکانیش یەکتری بە ساختەکاری و گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکەن.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ڕەوتی سەدر زۆرترین کورسی لە پەرلەمانی عێراقدا بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا بەشێک لە هێزە نەیارەکانی لەنێو شیعەدا هاوپەیمانێتیان پێکهێناوە و ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە.

کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو بەرەیە وایکردووە، کۆمیسیۆن نەتوانێت ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە قەبوڵ نەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و کێشمەکێشەکانیش چاوەڕوانکراو بوون، چونکە زەمینە لەبارنەبوو بۆ هەڵبژاردن و دەشڵێت "هەڵبژاردن کرا بەبێ ئەنجامدانی سەرژمێری، چەک و پارە لای هێزەکانە، بۆیە ئەوەی دەرچووە ڕازی و ئەوەشی دەرنەچووە دژە."

ئەم سیاسەتمەدارە دێرینەی کورد، گومانی خۆیشی نیشاندا بەوەی هێزە شکستخواردووەکان لەوانەیە بیانەوێت ئەم کێشمەکێشە تا سەری ساڵ بخایەنێت، دواتر کارتی تری وەکو دەرکردنی ئەمەریکا بهێننە پێشەوە و کارتەکان تێکەڵ بکەن، چونکە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن و دەشڵێت "کۆمیسیۆن هەر ئەنجامەکان دوادەخات، دواخستنیش ڕەنگە شتی خراپی لێبکەوێتەوە."

موقتەدا ئەلسەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەستوەردانی لەکاروباری کۆمیسیۆن ڕەتکردەوە و دژایەتی خۆی بۆ فشارەکانی سەر کۆمیسیۆن نیشاندا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرداجەختیکردۆتەوە لەوەی"هەندێک کەس دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ئاستی گەورەترین لیست بۆ پەکخستنی حکومەتی زۆرینە."

دوابەدوای پەیامەکەی موقتەدا سەدر، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح کە لە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕازی نیە، ڕایگەیاند "سەرپێچی و خراپ ئیدارەدانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، کاریگەری هەبووە لەسەر پشێوی سیاسی لەعێراق، بۆیە 6 هەزار وێستگە لەلایەن دەستەی دادوەرەیەوە ڕەتکراونەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە 18%ی دەنگەکان گۆڕانکاری ڕیشەیی دروست ببێت."

سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕووداوەکانی بەغداش، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "گەر گۆڕانکاریەکان ببنە هۆی هێنانە پێشەوەی کاندیدی هێزە ناڕازیەکان و دورخستنەوەی سەربەخۆکان جێی گومانە."

وتیشی"سەدر توند نیە، کورسی زۆر هێناوە، گەر چەند کورسیەکیشی لێ کەم بکرێتەوە، ڕەنگە کێشەی نەبێت."

هەرچەندە 42 ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا تێپەڕیووە، بەڵام کۆمیسیۆن بەبیانووی لێکۆڵینەوەکردن لەسکاڵاو تانەکان ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن دوادەخات و هیچ وادەیەکی بۆ ڕاگەیاندنی دیاری نەکردووە.

دکتۆر مەحمود عوسمان دەڵێت "سەدر نیەتی پێکهێنانی حکومەتی هەیە، ڕوون نیە دەتوانرێت سەدر وەلابنرێت یان نا، بەڵام دواخستنی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە."

کێشمەکێشی نێوان لایەنە شیعەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، دۆخی عێراقی ئاڵۆز کردووە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی خستووەتە ژێر فشارەوە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نیە، کۆمیسیۆن چۆن خۆی لە کێشەی نێوان ئەو لایەنانە قوتار دەکات.

زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:40 0:00

XS
SM
MD
LG