Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: هێمن دەریا


دەشێت زۆر جار خۆنەبەستنەوە بە هیچ شێوازێک یان ستایڵێکی تایبەتەوە، ئازادییەکی زیاتر بە موزیسیان بدات بۆ تێکەڵکردنێکی زانستیانە و بابەتیانەی ستایڵێک و دووان لەگەڵ ئەزمونی موزیسیانەکەدا.

موزیکی کوردی خاوەنی ڕیتم و ئاهەنگی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام وەک هەندێک لە موزیسیانان دەڵێن، چونکە ئەم ژانرە پڕ چێژ و بەهایە بە زانستی نەکراوە، هەربۆیەشە هێشتا نەبووەتە موزیکێکی جیهانی و جیهانیش بە تایبەتمەندێتییەکانی خۆی ئاشنا بکات.

توێژینەوەکان وەک هەنگاو بۆ بە زانستی کردن و بە ئەکادیمی کردنی موزیک گرنگن تا بتوانرێت بەرنامەسازی لەسەر موزیک بکرێت و لە ئایندەی دوور یان نزیکدا، نەوەکان کێشەی فێربوونیان نەبێت و سەرچاوەی فێربوونەکەشیان، موزیکی ڕەسەنی خۆیان بێت.

مێژووی موزیک لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا دێرینە و موزیسیانەکانمان و گۆڕانیبێژەکانیشمان، بەرهەمی جوان و پڕ چێژیان بۆ جێهێشتوین و کۆڵەکەیەکی ئێجگار گەورەی ئەم بوارە بوون، نەک هەر تەنها چونکە ئاوازیان زەنیوە و گۆرانییان وتووە، بەڵکو توانیویشیانە سەدان و بگرە هەزاران میلۆدیشمان بپارێزن و نەوەکانی ئێستا و داهاتووشمانی پێ ئاشنا بکەن.

ئەم هەوڵە بۆ بوژاندنەوە و بە زیندوو هێشتنەوەی میلۆدییەکان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەردەوامە.

جا یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی موزیک و هەروەهاش نۆژەنکردنەوەی موزیک و پاراستنی گۆرانی گەڕانە بەشوێن ڕەسەنایەتی و چۆنیەتی ئاوێزانکردنیشیەتی لەگەڵ هاوچەرخیبووندا.

نانۆبێت، ئەو تیپە یان ئەو گروپە موزیکیە، کاری ناوازە و جیاواز پێشکەش دەکات و هەر بۆیەشە تا ئێستا بۆتە خاوەنی چەندان خەڵاتی جۆراوجۆر و لە فێستڤاڵەکانی ئەم دواییەشدا کە لە ئەڵمانیا کراون، چەندان جار پلەی یەکەم بە دەست دەهێنێت.

هێمن دەریا، لە سەرەتاکانی ساڵانی هەشتاکاندا تیپێکی هونەریی دادەمەزرێنێت بە ناوی دەریا، پاش ئەوەی ئەم هونەرمەندەمان هەوار دەگوێزێتەوە بۆ نیشتمانی دووهەمی، لە خولیا و بەهرەی خۆی دانابڕێت و گروپێکی نوێی موزیک دادەمەزرێنێت بە ناوی نانۆبێت.

پێشتر دەریای هونەرمەند، چەندان بەشداری گرنگ و گەورەی هەبووە لەگەڵ هونەرمەندانی کورددا و تەنانەت بەشداریشی هەبووە لە دانانی موزیک بۆ فیلمە کوردییەکان و خەڵاتیشی لەسەر وەرگرتووە.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا، گوێبیستی نۆژەنکردنەوەی چەند گۆرانییەکی کوردی بووم کە نانۆبێت کردویەتی، سەرنج ڕاکێش بوون، چێژێکی زۆریان پێ بەخشیم و منی گوێگریان خستە بەردەم ئەو پرسیارەی، ئایا نانۆبێت ئەم جۆرە نۆژەنکردنەوانەی کردۆتە پڕۆژەیەکی هونەریی یان هەر تەنها کارکردنە لەسەر ژمارەیەک گۆرانی دێرینی کوردی؟

ئایا چ شتێکە پەیوەندییەکی راستەخۆی بە گەشەکردن و پەرەسەندنی گۆرانی کوردییەوە هەیە؟

ئایا موزیکی کوردی خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەتە بە خۆی کە بگوترێت جیایدەکاتەوە لە موزیکی نەتەوەکانی تری دەوروبەری؟

هێمن دەریا، هەونەرمەندی موزیسیان، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:27 0:00


XS
SM
MD
LG