Accessibility links

دادگاییکردنی ژمارەیەک کارمەندی لەشکر لە ئێران


وێنەی پارچەیەکی ئەو فڕۆکە ئۆکرانیاییەی لە تاران خرایە خوارێ
وێنەی پارچەیەکی ئەو فڕۆکە ئۆکرانیاییەی لە تاران خرایە خوارێ

10 کەس لە لەشکری ئێران دادگایی دەکرێن کە پەیوەندییان هەبووە بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیاییەکەی ساڵی 2020

ڕۆژی 8ی مانگی 1 ی ساڵی 2020 فڕۆکەیەکی هێڵی نێونەتەوەیی ئاسمانی ئۆکرانیا، بە ماوەیەکی کەم پاش ئەوەی لە فڕۆکەخانەی تارانەوە هەستا، خرایە خوارێ و 176 سەرنشینی لە فڕۆکەکەدا بوون گیانیان لەدەستدا.

زۆربەی سەرنشینەکانیش هاوڵاتی کەنەدایی و ئێرانی بوون.

کۆماری ئیسلامی ئێران، 3 ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە دانیپێدانا، هێزەکانی بە هەڵە پاش ئەوەی دوو موشەکیان تێگرتبوو، ئەو فڕۆکەیەی ئۆکرانیا تێکشکێندراوە.

دەزگای فڕۆکەوانی سیڤیلی ئێران، لە مانگی 3دا، موشەک هاویشتنەکە و کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیەی بە هەڵەی مرۆڤ ناودێر کردووە.

ئەم دادگاییکردنەی ئەمڕۆش یەکشەممە لە دادگایەکی لەشکریی لە پارێزگای تاران بەڕێوەچووە، وەک ئاژانسی دەنگوباسی میزان بڵاویکردۆتەوە "10 کارمەندی لەشکریی لە پلەی جیاوازدا دادگایی کراون."

لەو هەواڵەدا ئاژانسی میزان ئاماژەی بەوەکردووە 103 کەس داوای یاساییان تۆمارکردووە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی پاکیان کردووە لە دەسەڵاتی دادوەریی تا ئەوانەی بەرپرسیارن لە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە دەستنیشان بکرێن و بدرێنە دادگا، هەروەها لە زاری دادپارێزی دادگا لەشکرییەکەشەوە دەڵێت " هەندێکیش داوای ئاشکراکردنی هۆکارەکانیان کردووە کە بوونەتە تەگەرە لەبەردەم گەڕان بە دوای ڕاستییەکاندا."

لەو کاتەی ئەو فڕۆکە ئۆکرانیاییە خرایە خوارێ، ئاستی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا زۆر بوون و هێزەکانی بەرگری ئێرانیش لە ئامادەباشییەکی تەواوەتیدا بوون پاش ئەوەی تاران ژمارەیەک موشەکی گرتە یەکێک لەو بنکە لەشکریانەی عێراق کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەکاردەهێنرا.

ئەو موشەکانەش وەک وەڵامێک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی، سەرکردەی هێزەکانی قودس، سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی.

قاسم سولەیمانی، لە ئاکامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا کوژرا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغداوە.

ئێران پێشنیازی کرد، 150 هەزار دۆلار بداتە هەر خێزانێکی ئەو 176 قوربانییە، بەڵام کەنەدا کە 85 هاوڵاتی خۆی لەو فڕۆکەیەدا بوون و 55یان مافی مانەوەی یاساییان هەبوو و 30 کەسیشیان هاوڵاتی کەنەدایی بە ڕەسەن ئێرانی بوون، جەخت دەکاتەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی تەواوەتی لەسەر ئەو ڕووداوە و هەروەهاش "دڵنیابوون لەوەی ئێران بەرپرسیارێتی و قەرەبوکردنەوەی تەواوەتی ئەم دۆسێیە لە ئەستۆ بنێت."

XS
SM
MD
LG