Accessibility links

ستران عەبدوڵا : مەلەفی لاهور تاڵەبانی و لایەنگرەکانی لای یەکێتی کۆتایی پێهاتووە 


یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک حزبێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان، خاوەنی دەسەڵات و پێگەیەکی جوگرافیای هەرێمەکەیە کە بە زۆنی سەوز ناسراوە. ئەو حیزبە ماوەیەکە بەدەست کێشە نێوخۆییەکانییەوە گیرۆدەبووە، بە تایبەتی گرفتی نێوان هاوسەرۆکەکانی. هەرچەندە بڕیاری لادانی هاوسەرۆکێکیان و سێ ئەندامی سەرکردایەتی درا. بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە، ئایا کێشەکان بەو بڕیارە کۆتاییان هاتووە؟ یەکێتی لە ئێستادا مەرجەعی بڕیارەکانی لە پافڵ تاڵەبانییەوەیە وەکو سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانییەوە وەردەگرێت.

لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن کە لەگەڵ ستران عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی سازدراوە، سەبارەت بەو گرفتە نێوخۆییە ستران عەبدوڵا دەڵێت "مەلەفی پەیوەندیدار بە هاوسەرۆکی یەکێتی لاهور تاڵەبانی و هاوەڵەکانی یەکلایی بووەتەوەو لای یەکێتی مەلەفێکی داخراوەو کۆتایی پێهاتووە، یەکێتی ناگەڕیتەوە بۆ دواوە. کۆبوونەوەکەی هەڤاڵ پافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی ساخی کردەوە کە ئێستا مەرجەعی یەکێتی نیشتیمانی دەباشانە و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات، مەرجەعی پارتیش روونە کە بەڕێز مەسعود بارزانییە".

لە دوای هەموو هەڵبژاردنێک لایەنە براوەکان لە هەوڵی دروستکردنی کابینەی حکومەتی نوێدان. لەم هەڵبژاردنەی مشتومڕلەسەرەی عێراقیشدا، پێدەچێت وەک لێدوانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق رایانگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتودا دوایەمین ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رابگەیەنن. بەڵام هێشتا لایەنە ناکۆکە سیاسی و ئاینزاکانی ئەو وڵاتە رازی نین لەدەرئەنجامە بەراییەکان و رەخنەی توند دەگرن. لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن ستران پێیوایە بە لای یەکێتییەوە گرنگە کورد یەک بەرە بێت بۆ خستنە رووی سەنگی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێڕاقدا، بەتایبەتی لەم هەڵبژاردنە دا کورد لیستی براوەی سێهەمە. دەشڵێت "یەکێتی دەیەوێت کورد بەیەک بەرەی پتەو بچێتە بەغدا، لە بری ئەوەی واقعی سیاسی ئەو دیوی حەمرین، رێکمان بخات. پێویستە کورد لەم دیو حەمرین، لە هەرێمەکە بەرنامەیەکی هاوبەش کۆی بکاتەوە ".

پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق لە رابردوودا بەشی یەکێتی نیشتیمانی بووە، سەرەڕای کەم بوونەوەی ژمارەی کورسیەکانی لە چاو پارتی دیموکرات. یەکێتییەکان ئەو پۆستە بە مافی خۆیانی دەزانن، لەو بارەیەوە ستران دەڵێت "ئەوەی بۆ یەکێتی گرنگە پۆستی سەرۆک کۆمار لەم قۆناغەدا هی یەکێتی نیشتمانییە، چونکە پۆستەکان لە کوردستان لای پارتییە".

بەڵام بەرپرسەکانی پارتی دیموکرات لەهەمبەر پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی، داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن. لەو بارەیەوە ستران پێیوایە پارتی وەک حزبێکی براوەی هەڵبژاردن مافی خۆیەتی داوای هەر پۆستێک بکات؛ بەڵام باشترە پاریزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت. لەو بارەیەوە دەڵێت " بۆیە داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەین، چونکە زۆرینەی کوردی شاری کەرکوک یەکێتین، بۆ چارەسەری ئەو گرفتەی ئێستا کە ئیدارەی شارەکە بە دەست عەرەبێکی شۆڤێنییەوەیە، هەروەها ئیرادەی خەڵکەکەش، ئەو پۆستە لای یەکێتی بێت باشترە، بۆئەوەی ئیدارەی شارەکە و ئیرادەی خەڵکەکەی رێک بخەینەوە".

رۆڵی وڵاتانی هەرێمی و زلهێزەکان لە دیمەنی سیاسی عێڕاقدا نادیدە ناکرێت، ستران عەبدوڵا لەسەر ئەو بۆچوونە کۆک بوو. ئەو باس لەوەش دەکات کە هەژموونی وڵاتانی دراوسێ بەسەر حکومەتی عێراقەوە هەیە و ئەو رۆڵە ئیقلیمییە لە کوردستانیشدا بوونی هەیە. سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی عێڕاقی ئایندە کە بەشی کوردە وەکو نەتەوە، بەپێی زانیارییەکان ئێرانیش رەزامەندی دەربڕیوە کە یەکێتی ئەو پۆستە وەربگرێتەوە و دەبێت پارتیش بەو بەربژێرەی یەکێتی رازی بێت. بەڵام لە ناو یەکێتیدا باس لە چەند کاندیدێک دەکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار. هەرچەندە لە زۆربەی میدیاکانەوە سەردانی چەند رۆژی رابردووی سەرۆک کۆماری ئێستای عێڕاق بەرهەم ساڵح بۆ لای هەریەک لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرا کە بەرهەم ساڵح بەدوای رەزامەندی پارتیشدا دەگەڕێت بۆ وەرگرتنەوەی گەڕێکی دی خولی سەرۆکایەتی. لەو بارەیەوە ستران دەڵێت "لە رابردووشدا پارتی وەک حزبێکی گەورەو هاوبەشی حوکمڕانی رەزامەند بووە لەسەر بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دەربارەی بەربژێری یەکێتیش بۆ ئەو پۆستە، هێشتا روون نەبۆتەوە کام کەسایەتی دەبێتە بەربژێری یەکێتی نیشتیمانی. پاشان بەربژێری نەتەوەی کورد، دواجار پافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی، بڕیار لەسەر کاندیدی هەموو یەکێتییەکان دەدات".

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:14 0:00


XS
SM
MD
LG