Accessibility links

فەرەنسا هۆشداری دەداتە ئێران لەمەڕ گرتنەبەری هەڵوێستی ساختە لە وتووێژە ناوەکییەکاندا


وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری داوەتە ئێران کە لە حەوتهەمین خولی گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوە ڕێککەوتنە ناوکییەکە کە بڕیارە 29ی ئەم مانگە لە ڤیەننا بەڕێوەبچێت، هەڵوێستی 'ساختە' نەگرێتەبەر.

ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە کە ژان ئیڤ لۆدغیان بە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی گوتووە "ئەمەریکا ئامادەیە دانوستانەکان لەو شوێنەی کە لە خولی شەشەمدا کۆتایی پێهاتووە، دووبارە دەستپێبکاتەوە و هەر بۆیەش دەکرێت بە خێرایی دانوستانەکان بگەنە ئەنجام." وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها گوتویەتی "ئێمە لە 29ی ئەم مانگە و ڕۆژانی دواتریدا دەبینین کە ئایا ویستی ئێرانیش هەمان شتە یان نە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژێک پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێویستە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی خۆیدا 'پەیامێکی بەهێز' بۆ تاران بنێرێت. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە وەڵامدا داوای لەو ئاژانسە کردووە کە خۆی لە هەر جۆرە کارێکی سیاسی بەدوور بگرێت.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەڕاپۆرتی وەرزی خۆیدا لە ڕۆژی چوارشەممە 17ی ئەم مانگە ڕایگەیاندوە کە ئێران نزیکەی 17.7 کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێندراوی بەپاکیی 60% هەیە کە ئەمەش پیشاندادات ئەو مادەیە بۆ 8 کیلۆگرام بڕەکە بەرزبووەتەوە.

ئەم بڕە پیتێندراوە بە ئاسانی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی و ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی وڵاتانی زلهێزی جیهان.

XS
SM
MD
LG