Accessibility links

بۆچی بێچوی مراوی بە ڕیز دوای دایکیان مەلە دەکەن؟


جگە لە خرپنی و نەرمۆڵەیی بێچوە مراوییەکان، تایبەتمەندییەکی تریان کە بەردەوام سەرنجمان ڕادەکێشێت، ئەوەش بریتییە لەو ڕیزبەستنە ڕێکوپێکەی کاتی مەلەکردنیان لە دوای دایکیانەوە.

کۆمەڵێک توێژەرەوە لە بەریتانیا دەڵێن وەڵامێکی فیزیاییان بۆ ئەم ڕەفتارە دەستکەوتووە: بێچوە مراویەکان سود لە شەپۆلی دایکیان و یەکتر وەدەگرن بۆ سەرفکردنی کەمترین وزە.

توێژینەوەکە بە سەرپەرشتی ئەندازیاری دەریاوانی دکتۆر ژیمینگ یووان لە زانکۆی ستراسکڵاید لە سکۆتلەند ئەنجامدراوە و تیایدا زانایان چەند گەڵاڵەیەکی بیرکاریان بەکارهێناوە بۆ تێگەیشتن لەم ڕەفتارەی مراوی.

زانایان دەڵێن ئەو دۆزینەوەیە دەکرێت ببێتە هۆی"شۆڕشێک" لە بواری پێشخستنی شێوەکاری کەشتی و بارهەڵگری دەریایی وەکو دروستکردنی شەمەندەفەری ئاوی بە بەکارهێنانی کەمترین وزە.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، کاتێک کە مراوی بەتەنیا مەلە دەکات لە ڕێگای پاڵنانی ئاو بۆ دواوە، پێویستی بە وزەی زیاتر هەیە لە ئەنجامی هێزی بەرەنگاری ئاو. بەڵام کاتێک لەگەڵ کۆمەڵێکبە هەرەوەزی مەلە دەکات، هێزی ڕاکێشانی شەپۆل (Wave drag) بەڕێژەی %158 کەمتر دەبێت و بەمەش مراویەکە لە بری بەرەنگاری ئاو بۆ پێشەوە پاڵدەندرێت.

بەڵام بۆ ئەوەی زۆرترین سود لەو دیاردە فیزیاییە وەربگرن، بێچوەکان دەبێ بەردەوام و بەڕێکی دوای شەپۆلەکانی دایکان بکەون. گەر دوابکەون و لە ڕیز دەربچن، ئەوا باجەکەی دەدەن و مەلەکردن بۆیان قورستر دەبێت.

زانایان دەڵێن ئەم ڕەفتارەی بێچوکان ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر هەستی خورستییان (primal instinct) هەبێت بەوەی کە بە نائاگایی دوای هەرشتێک بکەون کە دەجوڵێت.

سەپەرشتی توێژینەوەکە ،دکتۆر ژیمینگ یووان، ڕایگەیاند، "هەرچەندە میکانیزمی لاسایی کردنەوە [لە ناو بێچوی گیانداران] تا ئێستا تەواو نەزاندراوە، ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر گرنگی میکانیکی ئاو لەسەر هەڵسوکەوتی گیانداران و پەرەسەندنیان."

توێژینەوەکە لە جۆرناڵی میکانیکی ئاو بڵاوکراوەتەوە.

سود لە ماڵپەڕەکانی دەیلی مەیل و ساینەس نوس وەرگیراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە.

XS
SM
MD
LG