Accessibility links

ئیمارات و ئیسرائیل لە بواری فڕۆکەوانی و واڵایی پەیوەندیەکانیان فراوان دەکەن


میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) بە نیازە چوار فڕۆکەی بۆوینگ 777-300ER لە سەرنیشین هەڵگرەوە بگۆڕێت بۆ بارهەڵگر بەمەبەستی بەکارهێنانیان لە گواستنەوەی ئاسمانی کەلوپەل.

ئەرکی ئەنجامدانی پڕۆژەکە سپێردراوە بە کۆمپانیای گەورەی پیشەسازی کەشتی ئاسمانی و واڵایی ئیسرائیلی.

بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئیمارات دەبێتە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین جۆری فڕۆکە بارهەڵگرەکانی جیهان کە بە دوو بزوێنەر کار دەکات. فڕۆکەکان یارمەتی هێزی گواستنەوەی ئاسمانی ئیمارات دەدەن لە کاتێکدا کە بە هۆی پەتای کۆڕۆناوە پرۆسەی گواستنەوەی شتومەک قەیرانی تێکەوتووە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی بزنس ئینسایدەر، تێچووی پڕۆژەکە بە نزیکی 10 ملیۆن دۆلار دەخەمڵیێندرێت و هەنگاوێکی گەورەیە لە پرۆسەی ئاسایی بونەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبیەکان.

شایەنی باسە، سەرەتای ئەم مانگە هێلی ئاسمانی ئیمارات ڕایگەیاند کە لە مانگی 12 وە کۆمپانیاکە ڕۆژانە گەشتی ڕاستەوخۆ دەستپێدەکات لە نێوان دوبەی و تەل ئەبیب.

ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات دێن کە لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردو بە نێوانگیری ئەمەریکا واژۆ کرا. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەردوو وڵات دان بە سەروەری یەکتر دەنێن و چەند هەنگاوێک دەنێن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکانیان، لە نێوانیان کردنەوەی باڵوێزخانە و کاری وەبەرهێنان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا مانگی ڕابردوو هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی گرنگیان واژوو کرد بەمەبەستی کارکردنی هاوبەش لە بواری واڵایی. ڕێککەوتنەکە جەخت دەکات لەسەر هاوکاری نێوان ئاژانسی واڵایی ئیسرائیل و ئاژانسی واڵایی ئیمارات لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستی و بواری ئاسمانی و واڵایی.

هەر لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنەکەی 20ی مناگی ڕابردوو، خوێندکارانی ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی بەیەکەوە کاردەکەن بۆ بەرهەمهێنانی سەتەلایتێک بۆ چاودێری مانگ. سەتەلایتەکە لە ڕێگەی پڕۆژەی واڵایی ئیسرائیلی Beresheet 2 دەگوازرێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 2024 و بەکاردەهێندرێت بۆ چاودێری کردنی مانگ بۆ دیاری کردنی ڕۆژ ژمێری ئیسلامی و عیبری.

وێنەیەک لەسەر ڕووی مانگ لەلایەن کەشتی واڵایی ئیسرائیلی بێرێشیتەوە گیراوە
وێنەیەک لەسەر ڕووی مانگ لەلایەن کەشتی واڵایی ئیسرائیلی بێرێشیتەوە گیراوە

پرۆژەی Beresheet 2 بریتییە لە دووەم هەوڵی ئیسرائیل بۆ چونەسەر مانگ دوای ئەوەی هەوڵی یەکەم لە ساڵی 2019 شکستی هێنا.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیسرائیلیYnet، لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆژەی Beresheet 2 لە چونە سەرمانگ ساڵی 2024 دەکرێ ئاڵای ئیسرائیل و ئیمارات بەیەکەوە لەسەر ڕووی مانگ هەڵبکرین.

لە مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە مانگی ڕابردووی نێوان هەردوو وڵات، وەزیری داهێنان و زانست و تەکنەلۆجیای ئیسرائیل، ئۆریت فەرکاش-هاکۆهین، ڕایگەیاند، "حکومەتەکان ڕێککەوتن واژۆدەکەن بەڵام ئەوە خەڵک و کاری پێکەوەیین کە بەڕاستی ئاشتی بنیاد دەنێن."

بە ڕێککەوتنەکەی مانگی ڕابردوو ئیسرائیل و ئیمارات دەبنە دوو پێشکەوتووترین وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بواری توانستی واڵایی.

سەرەتای ئەمساڵ، ئیمارات بۆ یەکەم جار کەشتی ئاسمانی بە سەرکەوتووی ناردە خولگەی مەریخ لە گەشتێکی پشکنین دا بەناوی "هیوای نوێ."

سود لە بزنس ئینسایدەر و ئەل مۆنیتەر وەرگیراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە.

XS
SM
MD
LG