Accessibility links

ئەرمینیا لە پێکدادانەکانی سەرسنوور لەگەڵ ئازەربایجان، زیانی گیانی ڕادەگەیەنێت


ساڵێک دوای شەڕی قورسی نێوان ئەو ئەرمینیا وئازەربایجان لەسەر هەرێمی کێشەلەسەری ناگۆرنۆ-قەرەرەباخ، ڕۆژی سێشەممە ئەرمینیا دوبارە هەواڵی کوژران و لەدەستدانی پێگەی سەربازی لە پێکدادانە سنوورییەکانی لەگەڵ سەربازانی ئازەربایجانی دا ڕاگەیاند.

لەئەنجامی ململانێکانی ساڵی ڕابردووی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە ماوەی شەش هەفتە بەردەوام بوو،زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستدا و لە کۆتایدا لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو شەڕەکە بە نێوەندگیری ڕوسیا کۆتایی هات و ئەرمینیا بەشێک لەو خاکەی کە دەیان ساڵ لەژێر دەسەلاتیدا بوو، چۆڵیکرد.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "لە ئەنجامی ئەو شەڕانەی کە لە دوای هێرشی هێزەکانی ئازەربایجان ڕوویاندا، سەربازانی ئەرمەنی کوژران و برینداری لێکەوتوەتەوە."

ئەو وەزارەتە ڕایشیگەیاندوە کە لێکۆڵینەوە بۆ ژمارەی کوژراوەکان دەکات و دەلێت ئەرمینیا کۆنترۆڵی دوو پێگەی سەربازی خۆی لەدەست داوە.

وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە دواتر ڕایگەیاند، کە 12 سەربازی ئەرمەنی لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە بەدیلگیراون.

سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، هەردوولا یەکتریان بە دەستپێکردنی شەڕەکە بەدرێژایی سنوورە هاوبەشەکانیان تۆمەتبارکرد.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سەربازانی ئەرمەنی هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئازەربایجان لە ناوچەکانی کێلباجار و لاچین و دوو سەربازی ئازەربایجانیش برینداربوون.

ئەو وەزارەتە هەروەها ڕایگەیاندبوو کە سەربازانی ئازەربایجان پێشڕەوییەکانی دوژمنیان ڕاگرتوە و سەربازە ئەرمەنییەکانیان گەمارۆداوە و دەستبەسەریان کردون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتیشی "ئەرمینیا بە ئەنقەست گرژییەکان زیاتر دەکات و حەزی بە دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە نییە".

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیاش ڕایگەیاندوە کە هێزەکانی ئازەربایجان هەوڵیان دا سنووری ئەو وڵاتە ببەزینن.

یەکێتی ئەوروپا داوای لە هەردوو لا کرد کە شەڕەکە بوەستێنن.

هەروەها ئەرمینیاش داوای یارمەتی لە ڕوسیا کردوە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری خاکی خۆی لە دژی کۆماری ئازەربایجان و ڕایگەیاندوە کە پێکدادانی قورسی سەر سنووری نێوان هێزەکانی ئازەری و ئەرمەنی بەردەوامە.

XS
SM
MD
LG