Accessibility links

بەهۆی هێرشی بە کۆمەڵی دووپشک 3 کەس گیانیان لەدەستدەدەن و سەدان کەسیش بریندار دەبن


هێرشی بەکۆمەڵی دووپشکە ژەهراوییەکان بۆ ناو شەقام و ماڵەکانی خەڵک لە وڵاتی میسر بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی سێ کەس و بریندار بوونی سەدان کەس.

ڕادیۆی نیشتمانی ئەمەریکا، NPR لە زاری ڕۆژنامەی ئەلئەهرامی حکومەتی میسرەوە ڕایگەیاندووە کە هەفتەی ڕابردوو بە هۆی بارانی زۆر و خۆڵبارین و بەفربارینەوە لە شاری ئەسوانی باشووری میسر، دووپشک و مارەکان لە هێلانەکانیان هاتوەنەتە دەرێ و لە شەقام و ماڵەکاندا بڵاو بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە تا ئێستا سێ کەس بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە گیانیان لەدەستداوە و 450 کەسیش برینداربوون.

ئەلئەهرام هەروەها دەشڵێت بریندارەکان لە نەخۆشخانەکان و ناوەندە پزیشکییەکانی ناوچە دوورەدەستەکان لە ڕێگای بەکارهێنانی دژەتەنەوە چارەسەریان بۆ دەکرێت و دەشڵێت تەنانەت بەرپرسانی تەندروستی داوایان لەو پزیشکانەی کە لە پشوودان کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەرکارەکانیان و یارمەتی نەخۆش و بریندارەکان بدەن.

داوا لە دانیشتوانی ناوچەکەش کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە و نەیەنە دەرێ و هەروەها ئەشرەف عەتییە، پارێزگاری ئەسوانیش بۆ ماوەیەک هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانی ڕاگرتوە و فەرمانی داوە ڕێگای گشتی ناوخۆ بەهۆی بارانبارینی زۆر و ڕێگریکردن لە ڕووداوی هاتووچۆ دابخرێت.

پێوەدانی دوپشک دەشێت کوشندە بێت. بە پێی ڕاپۆرتی باخچەی ئاژەلانی سێنت لویس لە میسوری ئەمەریکا دووپشکی جۆرەی کلک ئەستوری میسری کە لە هەموو باکوری ئافریکادا بوونیان هەیە، یەکێکن لە ژەهراویترین و کوشندەترین دووپشکەکانی جیهان.

XS
SM
MD
LG