Accessibility links

ئۆرهان پاموک جارێکی تر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێتەوە


ئەکادیمیای سویدی کە براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب هەڵدەبژێرێت دەڵێت بەدواداچوون دەکات لەسەر دۆسێی لێکۆڵینەوە کردن لە ئۆرهان پاموک، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ.

پاموک لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بەهۆی ئەوەی وەک دەگوترێت "لە دواترین ڕۆمانیدا، سوکایەتی بە دامەزرێنەری تورکیای نوێ کردووە."

لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا، ئەمڕۆ دووشەممە ئەکادیمیای سویدی دەڵێت "وەها چاوەڕوان دەکەین تورکیا ڕێز لە وابەستەییە نێونەتەوەییەکانی بگرێت و ئەکادیمیای سویدی چاودێری چۆنیەتی ڕەفتارکردن دەکات لەگەڵ ئۆرهان پاموکدا کە لە ساڵی 2006دا خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبی بەدەستهێنا."

دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە پاموک پاش ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا پارێزەرێک لە شاری ئیزمیر ڕایگەیاند، ئەم نوسەرە سوکایەتی بە موستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا کردووە لە دوا ڕۆمانیدا بە ناوی "شەوەکانی تاعون"
ئەو پارێزەرە دەڵێت لە هەندێک شوێنی ئەو ڕۆمانەدا، پاموک یاساکانی پاراستنی یادگارییەکانی ئەتاتورکی پێشێلکردووە.

لێکۆڵینەوە بەراییەکان لەم دۆسێیە گەیشتە ئەو بەرەنجامەی بڕیاری دادگاییکردنی لەسەر نەدرێت، بەڵام ئەو پارێزەرە بڕیارەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی خستۆتە بەردەم دادگای چاوپێداخشاندنەوە و جارێکی تریش لێکۆڵینەوەکان لەسەر پاموک دەستیان پێکردۆتەوە.
ئۆرهان پاموک و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەش، نکوڵی لەو گوناهبارکردنە دەکەن.

ئۆرهان پاموک دەڵێت "5 ساڵ کارم لەسەر ئەو ڕۆمانە کردووە و هیچ بێڕێزییەکی تیادا نییە بەو قارەمانانەی دەوڵەتی تورکیایان دروستکردووە."

پاموک دەڵێت "بە پێچەوانەوە ڕۆمانەکە وەها نوسراوە کە ڕێز و دانپێدانانە بە ڕێبەرانی قارەمانی سەربەخۆیی و مێژوویی تورکیادا."

XS
SM
MD
LG