Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: کارۆخ ئەحمەد


دەمێک ساڵە شانۆی کوردی لە پێناسە باوەکانی خۆی دەرچووە و بەردەوام لە گەڕاندایە بە شوێن پێناسەی نوێ و هاوچەرخانەی خۆیدا.

شانۆی کوردی بە هەموو کەموکوڕییەکانی و بە گوێرەی دەرفەتە سنوردارەکانی بەردەمییەوە و بە هەموو ئەو گازەندانەشەوە کە بەرۆکی شانۆیان گرتووە، ناهەقییەکی گەورەیە بگوترێت هەنگاوی گەورە و بابەتیانەی خۆیی نەناوە.

شانۆکاران و هونەرمەندانی ئەم ژانرە گەورەیەی هونەر، توانیویانە سەرسامییەکی گەورە لای بینەرانی خۆیان و مامۆستا هونەرییەکانیشیان دروستبکەن، لەو ڕوانگەیەوەی هەمیشە خۆیان نۆژەنکردۆتەوە و ئەو نوێگەراییانەی کاریشیان لەسەر کردووە، بۆ کۆمەڵگەی خۆیان و کۆمەڵگەکانی جیهانیش بەرجەستەیان کردوون؛ ئەو بارە هونەریانە ڕەنگدانەوەی نوێکاری و داهێنانی هونەرمەندەکان بوون، هەر بۆیەشە ستایشی گەورەی بینەرانیان بەدەستهێناوە.

ئەم جۆرە ستایشە هەروا لە خۆوە نایەتە دی، کارکردنێکی گەورە و وردبوونەوە و هەڵسەنگاندن و تاووتوێیەکی وردیان پێویستە، کات تەرخانکردنی پێدەوێت، ئاڵوگۆڕکردنی ڕوانیینەکان دەخوازێت، شکاندنی تابو و سنورەکانی دەوێت، پێویستی بە تێگەیشتنە لە ئیستاتیکا و چەندان تەوەری تریش کە هەر هەموویان پێکەوە دڵنیایی بە بینەر دەدەن و پێی دەڵێن جارێکی تریش وەرەوە لامان، یان چاوەڕوانمان ببە و دێینەوە لات تا دنیابینییەکانمان پێکەوە بکەونە دیالۆگێکی پڕ لە جوانکاری.

ڕۆشنبیریی گشتی بۆ هونەرمەندانی ئەم بوارە زۆر گرنگە لە دوو سۆنگەوە؛ یەکەمیان بۆ خودی خۆی وەک مرۆڤ و دووهەمیشیان وەک شانۆکارێک کاتێک دەیخاتە خزمەت ئەو ڕۆڵەی دەیگێڕێت لە نواندن و دەرهێنان و هەر ڕەهەندێکی هونەریانەی کاری شانۆیی.

زۆر جار بەرگوێمان کەوتووە، دەشێت شانۆ وەک ناسنامەیەک لێی بڕوانرێت، هەر بۆیەشە زۆرێک لە هونەرمەندان جەخت دەکەنەوە لەسەر دووانەی هاوچەرخێتی و ڕەسەنایەتی لەم فەرهەنگە دەوڵەمەندەدا، بەبێ ئەوەی هیچ یەکێکیان بکرێتە قوربانی ئەوی تریان.


ژمارەیەک هونەرمەندی شانۆ، کۆدەبنەوە و پێکەوە گروپێکی شانۆیی پێکدەهێنن و ناوی لێدەنێن "گروپی سکێچ بۆ شانۆی ڕاگوزەری."

وەک ئەندامانی ئەم گروپە دەڵێن، لە شانۆی ڕاگوزەریدا، ئەزموون، توانایی، وزە، لێکچوون، جیاوازییەکانی هەموو بەشداربووان، باشترین کەرەستەن و هاوکاریشن بۆ فێربوون و گەشەکردنی وەک دەڵێن "هەمووان وەک گروپ."

لەم شانۆی ڕاگوزەرییەدا، هونەرمەندەکان پشت بە دەقی نوسەر نابەستن؛ بیرۆکە و ڕوانینەکانی بینەر ڕاستەخۆ دەبنە بابەت و دەقی ئەو نومایشتەی ڕاگوزەریانە دەکرێن.


بەکر حەسەن، نوسەر و چیرۆکنوس لەسەر ئەم جۆرە شانۆییە دەنوسێت "ئەم گروپە شانۆییە کوردییە چەند تایبەتمەندییەکی هەیەو یەکێک لەو تایبەتمەندییانە ئەوەیە کە دەقی ئامادەکراویان نییەو هەموو ئەو بابەتانەی کە لەسەر شانۆ دەبن بە دەق هەر لەو کاتەدا بەبەشداریی خەڵکی ئامادە بوو لەسەر خواستی ئەوان دەبن بە دەقێکی شانۆیی و نمایشدەکرێن، دیارە ئەوەش بەو مانایە دێت کە بابەتەکان یان دەقەکان یەکسەر بە زیندووێتی و وەک خۆی لە لایەن ئەکتەرەکانی گروپی سکێچەوە بێ خۆئامادەکردن لە سەر شانۆ نمایش دەکرێن، هەر لەبەرئەوەشە دەتوانرێت بوترێت کە دەقەکانی ئەم گروپە لە ناو غەم و مەراق و هەروەها چێژو خواستی خەڵکی ئامادە بووەوە دەچێتە سەر شانۆ و ئەکتەرەکان بەرجەستەیان دەکەن و دەیانکەن بە چەند تابلۆیەکی شانۆیی زیندوو ئەوەش رێک ئەوە دەگەیەنێت کە دەقەکانی ئەم گروپە شانۆییە هەر لەناو خەڵکەوە هەڵدەقوڵێت و هەر لە هەمانکاتدا لەلایەن ئەکتەرەکانەوە وەک کارێکی هونەری و زیندوو بە ئامادەبووان دەبەخشرێتەوە."

ئایا چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەم شانۆی ڕاگوزەرییەدا لەگەڵ ئەو شێوازە شانۆییەی بە شانۆی سەر شەقام ناودێر دەکرێت؟

ئایا شانۆی کوردی خاوەنی بنەمای تیۆرییە، کە بگوترێت ئەو بنەمایە شانۆ دەبات بەرەو شوناس و ناسنامەی تایبەت بە خۆی؟

ئایا کاردانەوەکانی بینەرێکی کورد و بینەرێکی بیانی وەک یەکن کاتێک دەبنە بەشێک لە شانۆی ڕاگوزەری؟

کارۆخ ئەحمەد، هونەرمەندی شانۆ و ئەندامی گروپی سکێچ بۆ شانۆی ڕاگوزەری، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:08 0:00


XS
SM
MD
LG