Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا و بێلاڕوس وتووێژ لەسەر قەیرانی کۆچبەران دەکەن لە کاتێکدا برۆکسل ئامادەکاری بۆ سەپاندنی سزا دەکات


دوو منداڵی کۆچبەر لەسەر سنوری بێلاڕوس و یەکێتی ئەوروپا
دوو منداڵی کۆچبەر لەسەر سنوری بێلاڕوس و یەکێتی ئەوروپا

بەڕێوەبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا و وەزیری دەرەوەی بێلاڕوس ڕاستەخۆ وتووێژ لەسەر قەیرانی کۆچبەران دەکەن.

ئەمەش یەکەمین جارە ئەم وتووێژە بکرێت و لە کاتێکیشدایە برۆکسل لە خۆئامادەکردندایە بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەهۆی قاچاغچێتی بە مرۆڤەوە بەسەر بیلاڕوسدا.

مینسک دەڵێت "سەپاندنی ئەو سزایانە کارێکی بێهودەیە و بەرەنجامی پێچەوانەشی دەبن."

جۆسیپ بۆرێل، بەڕێوەبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا ئەومڕۆ یەکشەممە بە تەلەفون پەیوەندی لەگەڵ ڤلادمیر ماکەی، وەزیری دەرەوەی بێلاڕوس کردووە و وتووێژی لەسەر "ڕەوشی ناجێگیری مرۆیی" کردووە لەسەر سنوری بێلاڕوس و پۆڵەندا.

ئەو سنورە بە سنوری ڕۆژهەڵاتی یەکێتی ئەوروپا دادەنرێت.

بۆرێل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "ئەم ڕەوشەی ئێستا جێی قایل بوون نییە و ناشبێت مرۆڤ وەک چەک بەکاربهێنرێت."

لەسەر ڕاگەیەندراوەکەی برۆکسل، ڤلادمیر ماکەی، وەزیری دەرەوەی بێلاڕوس دەڵێت "ئەو سزایانە هیچ هیوایەکی لێ وەبەرنایەت و بەرەنجامی پێچەوانەشی دەبێت."

هەزاران کۆچبەری ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، لەسەر سنوری بیلاڕوس و یەکێتی ئەوروپان و کێشەیان ناوەتەوە بۆ یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا لەلایەک و بێلاڕوس و ڕوسیاش لەلایەکەی ترەوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕژێمەکەی ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوس گوناهبار دەکەن بە دروستکردنی ئەم قەیرانە لە ڕێی هاندانی کۆچبەرانەوە تا بچنە بێلاڕوس و دواتریش دەیانباتە سەر سنوری وڵاتەکە لەگەڵ پۆڵەندادا.

بێلاڕوس نکوڵی لەو گوناهبارکردنە دەکات و ڕۆژئاوا بەم قەیرانە گوناهبار دەکات.

سەرۆکی ڕوسیاش، نکوڵی لەو گوناهبارکردنەی دەکات بەوەی دەستی هەیە لە دروستکردنی ئەم قەیرانەدا و داواشی کردووە تا یەکێتی ئەوروپا و بێلاڕوس ڕاستەوخۆ وتووێژ لەسەر ئەم پرسە بکەن.

بڕیارە سبەی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆببنەوە بۆ فراوانکردنی سزاکان لەسەر بێلاڕوس.

پێشتر سزا سەپێندراوەتە سەر بێلاڕوس بەهۆی سەرکوتکردنی ئۆپزسیۆنەکانی دژ بە لۆکاشینکۆ کە نزیکەی 30 ساڵە فەرمانڕەوای وڵاتەکەیە.

XS
SM
MD
LG