Accessibility links

لەهەولێر سكاڵا لە دژی ئەو كەسانە تۆماركرا كە هێرشیان كردووەتە سەر چەند ڕۆژنامەنوسێك


ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە لە دژی ئەو کەسانەی کە هێرشیان کردووەتە سەر ڕۆژنامەنووسانی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن لەوانە تیمەکانی ڕووداو و ئێن ئاڕتی و دەزگای ڕاگەیاندنی ئەربیل لایڤ، لەکاتی ڕوماڵ کردنی ئاگر کەوتنەوەی چێشتخانەیەکی شاری هەولێر.

ئەو هێرشەی سەر ڕۆژنامەنووسان کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

هۆزان قادر، سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سکاڵامان لە دژی ئەو کەس و لایەنانە تۆمارکرد کە هێرشیان کردووەتە سەر تیمی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەشاری هەولێر و بەداخەوە ئێستا کە قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم باری تەندروستی پەیامنێری ڕووداو هادی سەلیمی ناجێگیرە و پزیشک پێیان وتووە سێ نەشتەرگەریت بۆ دەکرێت و هەروەها هێرشکرایە سەر وێنەگری ئێن ئاڕتی و پەیامنێری ئەربیل لایڤ بۆیە بەپێویستمان زانی کە سکاڵا تۆمار بکەین لەدژی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە".

ڕۆژنامەنووس شڤان هەرکی، وەک دەڵێت یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕووبەڕووی سوکایەتی و هەڕەشە و ڕێگری لێکردن بۆتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی چێشتخانەیەکی سەر شەست مەتری هەبوو کە ڕۆیشتم ئاگرەکە کۆنترۆڵکرابوو، منیش لایڤم کردەوە و قسەم کرد لەناکاو 3 کەس هاتن هەڕەشەیان لێکردم و لایڤەکەیان ڕاگرت و هێرشیان بۆ هێنام و ئازاریان دام، خەڵک و پۆلیس منیان لەژێر دەستیان دەرهێنا و دورخستەوە کە دوریشخرامەوە هەر هەڕەشەیان لێ دەکردم کە لێم بدەن بەڵام ڕزگارم بوو، هەڕەشە و سوکایەتی و ڕێگریشم لێکرا".

نەبەز ڕەشاد، نوێنەری سەنتەری میترۆ لە هەولێر بەدەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئێمە لەسەنتەری میترۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە دەبێت لایەنی حکومی و دەزگای ئەمنی کە کۆبوونەوەمان لەگەڵیان کردووە ئەو کەسانەی کە پێشێلکارییان بەرامبەر بە‌ ڕۆژنامەنووسان کردووە سزا بدرێن و زەمینە سازی و ئاسانکاری زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسان بکرێت تا بتوانن کاری ڕۆژنامەنووسی خۆیان بکەن".

لەبارەی هۆکاری ئەو هێرش و سوکایەتیانەی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە لایەن کارمەندانی ئەو چێشتخانەیەی کە گڕی گرتبوو، مەحمود کە خۆی وەکو وەکیلی چێشتخانەی زیرەک ناساند بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "حاڵەتی توڕەبوون بووە و هەڵەکراوە، لە خەمی خۆت کە چەند ساڵە ئیش دەکەی لە خەمی خۆت سەیری ئەو ڕەوشەبکەی و یەکێک بێتو وێنە بگرێت ئەو کات چیت لێ دێت؟ داوا دەکەین لێمان بگەڕێن ئیشی خۆمان بکەینەوە و خواردنگەی خۆمان چاک بکەینەوە، چل و پێنج کەس لای ئێمە ئیش دەکات."

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی ئەحمەد زێباری، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:39 0:00


XS
SM
MD
LG