Accessibility links

جەمیل هەورامی: هەرکەسێک سەرکردەکانی یەکێتی ژەهرخوارد کردبێت دەدرێتە دادگا


سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان کە سەرکردەیەکی دێرینی یەکێتی یە ڕایدەگەیەنێت، هەرکەسێک دەستی لە ژەهر خواردکردنی بەرپرسانی یەکێتی دا هەبێت، دەدرێتە دادگا، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە جارێکی تر هاوسەرۆکانی یەکێتی ناتوانن پێکەوە لەناو هیچ ئۆرگانێکی حیزبی دا کاربکەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەمیل هەورامی دەڵێت"وەکو پێشمەرگە دێرینەکان هەوڵماندا دۆخی یەکێتی نەگاتە ئێستا، بەڵام پێماننەکرا، ئێستا میدیا کێشەکان گەورە دەکەن، ئەگینا تەنها کاک بافڵ و مەلا بەختیار باس لە ژەهر خواردکردنیان دەکەن، کەچی باسی ژەهر خواردکردنی سەدان کەس کراوە، شێخ جەعفەر و حاکم قادر و مامۆستا جەلال بۆ گەشت چوونەتە تورکیا، کەچی لێرە بەشێوەی تر لێکدانەوە بۆ ڕۆیشتنەکەیان کراوە."

جەختیشیکردەوە"ڕاستە وەزعی ناو یەکێتی ناخۆشە، بەڵام لەمەودوا هەوڵی یەکڕیزی دەدەین، تا ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکنەچێت و خەڵک لەدڵەڕاوکێ ڕزگاری ببێت."

دەربارەی ژەهر خواردکردنی بەرپرسانی یەکێتی، جەمیل هەورامی وتی"هەرشتێک دادگا بڕیاری لەسەردا، قەناعەتم پێیەتی، نەک بۆ مەلا بەختیار کە پێشمەرگەی ساڵی 76 ە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، تەنانەت گەر هاوڵاتیەکیش ژەهر خوارد بکرێت پێمناخۆشە، دادگا ئیدانەی هەر تۆمەتبارێک بکات، لای خۆمەوە ڕسوای دەکەم، کاک مەلا بەختیار قسەیکرد و بەڵگەی خستەڕوو، دەمێنێتەوە سەر بڕیاری یەکێتی و بڕیاری دادگا."

سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان، ڕوونیکردەوە حیزبەکەی لەڕووی یاساییەوە ناتوانێت بڕیاربدات بۆ سزادانی هیچ تۆمەتبارێک، بەڵام دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات لەسەر ئەو کەسەی کاک مەلا بەختیار گومانی لێیەتی.

جەمیل هەورامی پێیوایە، جارێکی تر بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ناتوانن لەهیچ ئۆرگانێکی حیزبی و غەیرە حیزبی دا پێکەوە کاربکەن، وتی"ئەو تۆمەتانەی باسدەکرێت، هی پێکەوە دانیشتن نیە، منیش لەگەڵ برادەرێکم دانانیشم، گەر گومانم لێی هەبێت."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەمیل هەورامی سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و سەرکردەی دێرینی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیەکانی یەکێتی لەمەودوا کۆدەبنەوە، سەرنجی خۆیان لەسەر ئایندەی یەکێتی و کێشەکانی ناو یەکێتی و چاکسازی لەحیزب و حکومەت دەخەنەڕوو، بەشداری کاراتریان دەبێت بەراورد بەجاران، وتی"ڕاستە کاک کۆسرەت و هێرۆ خان ناساغن، بەڵام زۆرینەیان ماون و دەتوانن کاری خۆیان بکەن."

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

XS
SM
MD
LG