Accessibility links

تەرمی گەنجێکی سوریایی لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاروس دەدۆزرێتەوە


Migration Poland Belarus

پۆلیسی پۆڵەندی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند تەرمی گەنجێکی سوریایی لە دارستانێکی نزیک سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاروس دۆزراوەتەوە.

لەوەتای ئەم قەیرانی پەنابەرانە لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس دروست بووە بەمەوە تەرمی 11 کۆچبەر لە هەردوو وڵاتدا دۆزراوەتەوە.

پۆلیسی هەرێمی پۆدلاس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند"تەرمی گەنجێکی سوریایی دوێنێ لە دارستانی نزیک وۆڵکا تێرچۆسکا دۆزرایەوە."

هەروەها گوتیشی " هەتا ئێستا هۆکاری مردنەکەی نەزانراوە."

پۆلیس راشیگەیاند، کۆمەڵێک کۆچبەر کە ژمارەیان نزیکەی 100 کۆچبەر دەبوو لە ماوەی شەودا لە هەمان ناوچە هەوڵیان داوە سنوورەکە ببەزێنن " پاش ئەوەی پۆلیس و سەربازەکانیان بینیوە، خەڵکەکە لەدیوی بێلاروس هەڵاتوونەتە نێو دارستانەکە."

پاسەوانە سنوورییەکانی پۆڵەندیش هێزەکانی بێلاروسیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەشێک لە تەلە دڕکاوییەکانی سنووریان تێکشکاند کە لەلایەن هێزەکانی پۆڵەندیەوە دانرابوون.

پاسەوانەکان دەڵێن " لە نیوەشەودا سەربازانی بێلاروسی هەوڵیان داوە ئەو بەربەستە کاتییانە هەڵبگرن. ئەوان بەربەستەکانیان لاداوەو تەلە دڕکاوییەکانیشیان بچڕاندووە. وە بەهۆی تیشکی لەیزەر و ڕووناکی زۆر کارێک کرابوو کە پۆلیسە پۆڵەندییەکان نەیبینن."

هەروەها دەشلێن هێزەکانی بێلاروس گازی فرمێسک ڕژێیان داوە بە کۆچبەران کە پاشان دژ بە پۆلیسی پۆڵەندا بەکار هاتووە.

هەزاران کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و کوردێکی زۆریشیان تێدایە لە سەر سنووری نێوان بێلاروس و پۆڵەندا گیریان خواردووە بەهیوای ئەوەی بچنە نێو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕژێمی بێلاروس، کە ڕووسیا پشتیوانی لێدەکات، تۆمەتبار دەکەن بە خوڵقاندنی ئەم قەیرانی پەنابەرانە وەکو تۆڵەیەک بۆ سزاکانی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام مینسک نکوڵی لەو تۆمەتانە دەکات.

XS
SM
MD
LG