Accessibility links

پاکستان هۆشداری دەدات ئابوری ئەفغانستان لە لێواری ڕووخاندایە


وەزیری دەرەوەی پاکستان ڕۆژی پێنجشەممە لە دەمی کۆبونەوەی نێوان دیپلۆماتانی ئەمەریکا، چین، ڕووسیا و تاڵیبان لە پاکستان گوتی ئەفغانستان لە " لێواری ڕووخانی ئابوریدایە".

شا محەمەد قورەیشی ئەم قسانەی لە دەستپێکی کۆبونەوەکە کرد کە تۆماس وێست، نوێنەری تایبەتی نوێی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان تیایدا بەشدار بوو. شاندەکە پاشان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقی کۆبونەوە.

قورەیشی گوتی ئەگەر ئابوری ئەفغانستان بە هەر جۆرێک خراپتربێت ئەوا تواناییەکانی حکومەتی نوێی تاڵیبان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە " زۆر سنووردار" دەکات.

ئەو گوتیشی " بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەپەلە یارمەتی مرۆیی دابین بکات" ئەمەش بریتییە لە دەستڕاگەیشنی ئەفغانستان بۆ ئەو سەرمایە سڕکراوانەی کە لەلایەن بەخشێنەرانی ڕۆژئاوایی دابین کراوە لەو کاتەوەی کە تاڵیبان لە کۆتایی مانگی هەشتەوە دەسەڵاتی وڵاتەکەیان گرتووەتە دەست.

نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار هۆشداری داوە کە ئەفغانستان لە لێواری خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهاندایە و زیاتر لە نیوەی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی زۆر خراپ ڕووبەڕووی کەمیی خۆراکیی بۆتەوە و وەرزی زستانیش ملیۆنان کەسی ناچار کردووە لە نێوان کۆچ و برسێتیدا یەکێکیان هەڵبژێرن.

ئەم کۆبونەوەیە یەکەم گەشتی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا وێستە بۆ هەرێمەکە لەوەتای جێگەی زاڵمای خەلیلزاد دیپلۆماتی لەمێژینەی ئەمەریکای گرتووتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند وێست سەردانی رووسیا و هیندستانیش دەکات.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەم هەفتەیەدا لە راگەیاندنێکیدا گوتی "لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبێت لە روونکردنەوەی ئەو پێشبینیانەی کە ئێمە لە تاڵیبان و هەر حکومەتێکی داهاتووی ئەفغانستانمان هەیە."











XS
SM
MD
LG