Accessibility links

ناسا چونە سەرمانگ دەخاتە ساڵی 2025


ناسا، ئاژانسی سەربەخۆی حکومەتی ئەمەریکا بۆ واڵایی ئاسمان، لە ڕاگەیاندنێکدا پڕۆژەی ناردنی مرۆڤی بۆ سەر مانگ بۆ ساڵێک دواخست و ساڵی 2025 ی وەک نزیکترین کات بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشانکرد.

ئەمە یەکەم گەشت دەبێت بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ دوای گەشتی ئاپۆلۆ17 لە ساڵی 1972. پڕۆژەکە پێشتربۆ ساڵی2024ئامادە کرابوو لەلایەن بەڕێوبەرێتی دانۆڵد ترامپ.

بەڕێوەبەری ناسا، بیڵ نێلسن، هۆکاری دواکەوتنەکەی گەڕاندەوە بۆ کێشەیەکی یاسایی نێوان دوو کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمەریکی لەسەر مافی دروستکردنی کەشتی گواستنەوەکە.

بێل نێڵسن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، "گەڕانەوە بۆ مانگ بە خێراترین و سەلامەترین ڕێگا ئەرکی لەپێشینەی ئاژانسەکەمانە. بەڵام ئەم داوا یاساییە و چەند هۆکارێکی تر وادەکەن کە ناردنی مرۆڤ بۆ سەر مانگ پێش2025 ڕوونەدات."

پێشتر ئاژانسی ناسا دروستکردنی ئامێری نیشتنەوەی پڕۆژەکەی لە ڕێککەوتنێکدا سپاردبوو بە کۆمپانیای SpaceX کە ئیلۆن مەسک خاوەنداری دەکات. بەڵام خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆن، جێف بێزۆس، لە داواکاریەکی یاساییدا تانەی لە بڕیارەکەی ناسا دابوو بەوەی کەو کە ئەم پڕۆژەیە دەبێت بە زیاتر لە کۆمپانیایەک بدرێت.

بەڕێوبەری ناسا ئاماژەی دا کە پڕۆسە یاساییەکە حەوت مانگ کارەکانی پڕۆژەکەی دواخست. دادگایەکی فیدڕالی پێنجشەممەی ڕابردوو داواکەی جێف بێزوسی ڕەتکردەوە و کێشە یاساییەکەی لەبەرژەوەندی ئیلۆن مەسک یەکلایی کردەوە.

ئەم پڕۆژەیە بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ مانگ بە ناوی پرۆگرامی ئارتمیس ناسراوە وبڕیارە بچێتە جەمسەری باشوری مانگ کە تیشکی خۆر لێی نادات و پێشبینی دەکرێت هەمبارێکی گەورەی ئاوی بەستووی تێدابێت. بەگوێرەی ئاژانسی ناسا، پڕۆژەکە ئامانجی بنیادنانی یەکەم مۆڵگەی مەودا درێژی مرۆڤە لەسەر ڕووی مانگ.

ناسا دەڵێت، "ئەوەی لە سەر ڕوو و چواردەوری مانگ فێردەبین بەکاری دەهێنین بۆ هەنگاوی مەزنی داهاتوومان: ناردنی کەشتیەوانانی ئاسمانی بۆ سەر مەریخ."

پێشتر پرۆگرامی ئاپۆلۆی ئەمریکا لە نێوان سالانی 1969 تا 1972 لە شەش گەشت دا مرۆڤی ناردووە بۆ سەر مانگ. دواتر گەشتەکان وەستان بەهۆی زۆری تێچوویان و دوای ئەوەی کە شارەزایانی بۆشایی ئاسمان سەرنجی زیاتریان خستە سەر هەسارەی مەریخ وەک شوێنێکی گونجاو تر بۆ پشکنینی ژیان و شارەزابوون لە گەردوون.

بەڵام لە ئێستا دا پێشبڕکێ نێودەوڵەتیەکان بۆ گەیشتن بە مانگ فراوانتر بوون. وڵاتی چین لە بەرنامەی دایە ساڵانی 2030 بۆ یەکەم جار مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ.جگە لەم دوو وڵاتە، ڕووسیا و هیندستان و یەکێتی ئەوروپا بە هەمانشێوە هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە لە کێبڕکێ بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە مانگ.

XS
SM
MD
LG