Accessibility links

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: گفتوگۆکانی ڤیەننا پێویستە لەو شوێنەوە بەردەوام بێت کە ڕاگیراون


وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی سێشەممە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی گوتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ زلهێزانی جیهان لەسەر بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لە کۆتایی مانگی یازدەدا دەبێت هەر لەو شوێنەوە دەستپێبکاتەوە کە لە مانگی شەشدا ڕاگیربوون.

بە پێی هەواڵێکی ڕۆیتەرز ئەم لێدوانانە گوزارشت لە زۆرتربوونی نیگەرانییەکان دەکەن سەبارەت بە دەربڕینەکانی کۆماری ئیسلامی پێش دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە ڤیەننا.

ئاژانسی هەواڵی فارس ڕایگەیاندوە کە حسێن ئەمیر-عەبدوڵاهیان لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی لە ڕۆژی سێشەممەدا گوتویەتی کە ئێران بەدوای رێککەوتنێکی باشدا دەگەڕێت بەڵام بۆ ئەوەش پێویستە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر پەیمانەکانیان و بە شێوەیەکی کاریگەر سزاکان لەسەر ئێران هەڵبگرن.

ئەمەریکا چەندین جار رایگەیاندوە ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا، ئەوا ئەمەریکاش سەرەڕای لابردنی سزاکان، دەشگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێککەوتنە ناوکییەکە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، ئەمیر عەبدوڵاهیان هەروەها لە ڕۆژی دووشەممە لەگفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە گفتوگۆکانی داهاتوی ڤیەننا، داوای لەوڵاتانی ئەوروپا کردوە خۆیان لە دەرکردنی لێدوان و زمانی زبر و توند بپارێزن و گوتوێتی "لەسەر ڕێگای دانوستان و لە ڕاگەیاندندا، بەکارهێنانی زمانی هێز و هەڕەشە یارمەتیدەر نییە".

ئەو هەروەها جەختیشی لەوە کردەوەتەوە کە "هەر جۆرە دەربڕینێکی نادروست و بێڕێزی کردنێک، دەتوانێت هەوڵەکانی بەردەم بخاتە مەترسییەوە".

ئەمیر عەبدوڵاهیان گوتی "کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە و بێ متمانەیی سێ وڵاتی ئەوروپا" هۆکاری بەرزبوونەوەی ئالۆزی و بێ متمانەییەکان بووە و گوتیشی "هەڵگرتنی سزاکان بە شێوەی تەواوەتی پێویستییەکە کە دەبێت ئەنجام بدرێت."

وتووێژی ناڕاستەوخۆ لە مانگی 4ی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سزاکان لەسەر ئێران هەڵگیران و لە بەرامبەریشدا دەبێت ئێران بەرنامە ناوکییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕابگرێت، بەڵام واشنتۆن لە سەروەختی سەرۆکایەتییەکەی دانۆڵد ترامپدا لەو ڕێککەوتنە کشایەوە.

هەڵبژاردنەکەی ڕەئیسی لە مانگی 6دا ئەو وتووێژانەی ڕاگرت و لەو کاتەشەوە هەروادێ و فشارەکان زیاتر دەبن بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆسەر مێزی دانوستاندن

XS
SM
MD
LG