Accessibility links

ئێران مەشق و ڕاهێنانێکی گەورەی لەشکریی دەستپێدەکات


کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیکردووە بە مانۆڕیکی سەربازی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا لە نزیک تەنگەی هورموزەوە.

تاران دەڵێت ئەم مانۆڕە سەربازییەی ئەمڕۆ یەکشەممەی لە شوێنی قەیرانەکەیدا لەگەڵ ئەمەریکادا کردووە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران دەڵێت " مەشق و ڕاهێنانی لەشکریی لە ڕووبەرێکی یەک ملیۆن کیلۆمەتری دوجادا لە ڕۆژهەڵاتی تەنگەی هورموز و دەریای عومان و باکوری ئۆقیانوسی هیندیدا، ئەمڕۆ یەکشەممە دەستیپێکرد."

تەلەفزیۆنی ئێران چەندان وێنەی مانۆڕە لەشکرییەکەی بڵاوکردۆتەوە و هەلیکۆپتەری جەنگیی و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "درۆن" و کەشتی جەنگی و بەلەمی تیژڕەو دەبینرێن.

ئاژانسی دەنگوباسی "دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران" لە زاری ئەدمێراڵ مەحمود موسەویەوە دەڵێت "ئەم مەشق و ڕاهێنانە ئاگاهیدانێکی ڕژدە بۆ دوژمنەکانمان و هەروەهاش بۆ هەموو ئەوانەی مەبەستی خراپیان هەیە بەرامبەر ئێران."

هێزەکانی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند "هەفتەی ڕابردوو شکستیان بە هەوڵێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا هێناوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتی ئێرانی هەڵگرتبوو لە دەریای عوماندا."

بەڵام کاربەدەستانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە پێچەوانەوە باسیان لەو ڕووداوە کردووە و دەڵێن "ئێرانییەکان دەستیان بەسەر ئەو کەشتییەدا گرتووە و هێزەکانی ئەمەریکا هەر تەنها چاودێریی ڕووداوەکەیان کردووە و هیچ دەستێوەردانێکیشیان نەکردووە."

تەنگەی هورموز، ناوچەیەکی جیهانییە بۆ هاتوچۆی کەشتیە نەوت هەڵگرەکان، پێشتر کەشتییە لەشکرییەکانی ئەمەریکا و ئێران لەو ناوچە ستراتیژیەدا بەریەککەوتنیان هەبووە.

ئەم دواترین ڕووداوی کەشتییە نەوت هەڵگرە، لە نێوەندی هەوڵە درێژخایەنەکاندایە بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا.

ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا لە سەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ، تاکلایەنە لەو ڕێککەوتنە کشایەوە.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ناوکییە، سوککردنێکی بەرچاوی سزاکان لەسەر ئێران هەبوو، لە بەرامبەر کۆتوبەندکردنێکی قورسی جموجۆڵە ناوکییەکەیدا.

لە ساڵی 2019دا، چەندان هێرشکردنە سەر کەشتییەکان ڕوویانداوە لە ناوچەی کەنداو و ئەو هێرشانەش پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکای زیاتر کرد.

وەها چاوەڕوان دەکرێت وتووێژە ناوکییەکان ڕۆژی 29ی ئەم مانگی 11یە لە ڤییەننا دەستپێبکەنەوە، پاش ئەوەی لە مانگی 6دا ڕاگیران بەهۆی هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی توندڕەوی ئێرانەوە.

XS
SM
MD
LG