Accessibility links

قەیرانی یەمەن و زیانە گیانییەکانی حوسییەکان


یەمەن، وڵاتێکی بە شەڕ وێرانبوو
یەمەن، وڵاتێکی بە شەڕ وێرانبوو

هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەڵێت 138 چەکداری حوسییەکان کوژراون لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە ئاکامی ئەو هێرشانەی لە نزیک شاری مەئربەوە کردونی.

شاری مەئرب لە یەمەن، دوا پێگەی حکومەتی دانپێدانراوی ئەو وڵاتەیە.

هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە کە پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات، دەکرێت بگوترێت ڕۆژانە هێرشەکانی خۆی دەکاتە سەر حوسییەکان و ژمارەی زیانە گیانییەکانی چەکدارەکانیش زۆرن.

لەوەتای مانگی 10ی ڕابردووەوە زیاتر لە 2000 چەکداری حوسییەکانی یەمەن کوژراون، بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی هاوپەیمانێتییەکە، بەڵام هیچ لایەنێک و هیچ ئاژانسێکی هەواڵیش ئەو ژمارانەی لە ڕاگەیەندراوەکاندا ئاماژەیان پێدەکرێت، پشتڕاست نەکردۆتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی هاوپەیمانێتی بەسەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیەدا هاتووە "17 ماشێنی لەشکری تێکشکێندراون و 138 سەرهەڵداوی حوسی کوژراون لە ئاکامی ئەو هێرشە ئاسمانیانەی کراونەتە سەر ناوچەکانی ئەلجوبە لە باشوری مەئرب و هەروەهاش ئەلکەسارە لە باکوری ڕۆژئاوای شاری مەئرب."

لە ساڵی 2014دا، پاش ئەوەی حوسییەکان کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان لێدەکات، دەستیان گرت بەسەر شاری سەنعا، پایتەختی یەمەندا، شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە هەژارەدا دەستیپێکرد.

شەڕی ناوخۆ و پشتیوانییەکانی ئێران بۆ حوسییەکان بوونە هۆکاری پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی لەشکریی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە لە ساڵی 2015دا بۆ پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دانیپێدانراوە.

لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا دەیان هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەم قەیرانەی یەمەن بە "خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا" ناودێر دەکات.

XS
SM
MD
LG