Accessibility links

خۆپیشاندانی سودانییەکان فراوانتر دەبن


هێزە ئاسایشییەکانی سودان گازی فرمێسک ڕژێنیان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکانی دژە کودەتا دەکرێن.

ژمارەیەک شاری سودان چوونەتە پاڵ "یاخیبوونی سیڤیلی" دژ بە فەرمانڕەوایەتی لەشکر لە وڵاتەکەدا. مانگی ڕابردوو لەشکری سودان دەستیگرت بەسەر فەرمانڕەوایەتیکردنی ئەو وڵاتەی ئافریکا.

سەدان خۆپیشاندەری دژە کودەتا، ئەمڕۆ یەکشەممە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی لە خەرتوم، پایتەختی سودان و شارەکانی ئومدورمان و وادمادنی لە باشوری سودان و شاری ئاتبارا لە باکور.

خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد "خەڵک خاوەنی دەسەڵاتە؛ نا، نا بۆ فەرمانڕەوایەتی لەشکر" هەروەها داوای حکومەتێکی سیڤیلییان دەکرد بۆ وڵاتەکەیان.

لەوەتای ڕۆژی 25ی مانگی 10وە خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژە کودەتا دەکرێت لە سوداندا، هێزە چەکدارەکان بە شێوەیەکی خوێناوی وەڵامی داواکانی خەڵکیان داوەتەوە.

بەلانیکەم 14 کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و نزیکەی 300 کەسیش بریندارن، بەپێی ئامارەکانی کۆمیتەی نێوەندی سەربەخۆی پزیشکەکانی سودان.

خۆپیشاندەران شەقامەکانیان گرتووە و تایەیان سوتاندووە و لە دروشمەکانیاندا ئاماژەیان بە داوای خەڵک کردووە " بژاردەی خەڵک حکومەتێکی سیڤیلییە"

نزیکەی 2 هەفتە لەمەوبەر، ژەنەراڵ عەبدولفەتاح ئەلبورهان، گەورە سەرکردەی لەشکری ئەو وڵاتە، حکومەتی سودانی هەڵوەشاندەوە و هەروەهاش ئەنجومەنی سەربەخۆی هاوبەشی لەشکر و بەڕێوەبردنی سیڤیلیشی هەڵوەشاندەوە. وەها بڕیار بوو ئەم ئەنجومەنە، سودان بەرێت بەرەو فەرمانڕەوایەتییەکی تەواو سیڤیلیانە.

ژەنەراڵ ئەلبورهان باری نائاسایی لە سوداندا ڕاگەیاندووە و ڕێبەرانی سیڤیلی وڵاتەکەیشی دەستگیرکردووە.

عەبدوڵا حەمدۆک، سەرەک وەزیری سودان بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیر کرا بەڵام دواتر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.

XS
SM
MD
LG