Accessibility links

ئاڵا تاڵەبانی: ئەمە یەکێتییەکەی مام نییە، یەکێتییەکی ترە 


کێشە نێوخۆییەکانی نێو یەکێتی نیشتمانی بەردەوام پەرەسەندنی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتندا میوانداری هەریەک لە بەڕێزان، ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، هەروەها رۆژنامەوانی سەربەخۆ هێمن مامەند کراوە.

هەرچەندە وەکو خەسڵەتی کاری راگەیاندنی دەنگی ئەمەریکا، بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە کە راو سەرنجی دوولای ئاریشەکە بخەینە روو، بەڵام لای بەرامبەر باڵەکەی لاهور جەنگی، نە لە ئاستی بەرپرسیارێتی، نە لە ئاستی نوسەرو رۆژنامەوانەکانیان، ئامادە نەبوون بێنە بەرنامەکەوە .

هەرچەندە دوای ئەم بەرنامەیە، بەپێی راگەیاندنی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کە مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی هاوسەرۆکی یەکێتی پافڵ تاڵەبانی، بڕیاری دەرکردنی هاوسەرۆکی یەکێتی لاهور جەنگی و سێ ئەندامی سەرکردایەتی داوەو سڕکردنی یەکێکی تریان بۆ 6 مانگ، بڕیارەکەش بەکۆدەنگی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی رەزامەندیان دەربڕیوە.

ئاڵا تاڵەبانی وەک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پێی وایە ئەو بڕیارەی پافڵ تاڵەبانی داوییەتی، بڕیاری کەسی خۆیەتیو پەرچە کردارە، لەو بارەیەشەوە دەڵێت "ئەم جۆرە بڕیارە لە دەرەوەی پەیڕەوو شەرعییەتی کۆنگرە دراوەو لای خەڵکی ئاسایی، کارێکی نائاساییە، چ جای لای ئەندامانی یەکێتی و ئێمەش وەکو سەکردایەتی ئەو حیزبە کە شەرعییەتی کۆنگرەمان لە پشتە، بڕیارەکە ناپەیڕەویانەیە، بریاری وەها دەبێت لەکۆبوونەوەی سەرکردایەتی بێت، لیژنە پێک بهێنن، ئەو تۆمەتانە دەبێت روبەڕووی ئەو کەسانە بکرێتەوەو رایان وەربگیرێت، تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هەر نەکراوە، یەکیک لەو خالانەی منی لەسەر سزا دراوم گوایە من بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنم نەکردووە، لە کاتێکدا خۆم کاندید بووم و مەکتەب سیاسییەکانی کەرکوک دژایەتی دەرچوونی منیان کرد بۆ کەسێک کە وەکو سەربەخۆ خۆی کاندید کردبوو، دەبوو سزای ئەوانیان بدایە نەوەکو من".

هێمن مامەند
هێمن مامەند

هێمن مامەند کە رۆژنامەوانێکی سەربەخۆیە، پێی وایە ئەم کێشەیەی نێوخۆی یەکێتی کاری کردووەتە سەر دۆخی پارێزگاری سلێمانی بە گشتی، پێی وایە دۆخەکە ئەوەندە مەترسیدارە کە رەنگە، بەریەک کەوتنی سەربازیش ئەگەرێک بێت، لەو بارەیەشەوە دەڵێت "کێشەو ناکۆکی نێوان دوو خێل دەبێتە دروست بوونی نائارامی و پشێوی، ئەم کێشەیەی زۆنی سەوز کاریگەری خراپی کردووەتە سەر لایەنی ئابوری و دەرونی تاک بەتاکی کۆمەڵگا، هەروەها جوڵەی بازرگانی و کەم بوونەوەی گەشتیار، خەڵک دەترسن بۆ گەشت بێنە پارێزگای سلێمانی، ئێستا خەڵکی سلێمانی کە دەخەون بەنیازی خۆیان نین، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کەی لە ئوتێل لالەزارو سەرچنارو دەباشان ببێتە شەڕە تەقە، سلێمانیان لە پایتەختی رۆشەنبیرییەوە کردووەتە، پایتەختی نا ئارامی".

ئاڵا تاڵەبانی لە درێژەی وتوێژەکەی هەلەو واشنتندا باس لەوە دەکات کە ئەم گرفتانەی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی و زۆنی سەوز وای کردووە کاربکاتە سەر خەڵکی ئاسایی هەروەها بازرگان وسەرمایە داران، لەو بارەیەشەوە دەڵێت "خەڵکی سلێمانی دڵیان خۆش نییە، بەم دەسەڵاتەی ئێستا کە حوکمی سلێمانی دەکات، لە سایەی ئەم دەسەڵاتە عەنتەرییەوە، کێت بەدڵە بیهێنەو کێت ناوێت دەریبکە، پەیرەو نییەو یاسا نییە، هێزی سەربازی بەئارەزووی خۆت بجوڵێنە، بەڕێوبەرێک بگۆڕی دەبابەو مودەرەعەی بۆ بەریت، ژیان لە رووی ئابورییەوە لە سلێمانی وەستاوە، سەرمایەدار چۆن دەتوانێت درێژە بە کارەکانی بدات، لە سایەی ئەم دەسەڵاتە سەربازی وعەرزی عەزەلاتە، خەڵک دەپرسێت ئەگەر نەتوانن ململانێی نێو ماڵی خۆیان ئیدارە بدەن، چۆن دەتوانن ناوچەیەکی فراوان بەڕێوەبەرن، حوکمڕانیی بە مەزاج ناکرێت".

زۆرێک لە شیکەرەوەی سیاسی و چاودێران وای بۆ دەچن کە ئەم ململانێیەی نێو باڵەکانی یەکێتی تەنها ململانێیەکی نێوخۆی ئەو حیزبە نییە کە یەکێکە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و پانتاییەکی جوگرافیای هەرێمەکەی بەدەستەوەیە، هەندێکیش پێیان وایە کە ململانێی دەسەڵاتی نێو خیزانەکانە، لەو بارەیەوە هێمن مامەند پێی وایە نەک وڵاتانی ئیقلیمی رۆڵیان هەیە، حزبی تریش ئاگرەکە خۆش دەکەن، لەو بارەیەوە هێمن دەڵێت "رۆڵی ئیقلیمی لە عێراق نادیدە ناکرێت، چ جای لە هەرێمێک کە 4 پارێزگارە، بەڵام حزبی تریش وەکو پارتی لە رێگای میدیاکانی سەر بە باڵەکانی ناو پارتییەوە، وەک روداوی نێچیرڤان بارزانی و کەی 24 ی مەسرور بارزانی، هەوڵی خۆش کردنی ئاگرەکەیان داوە لە پشت گیری کردنی باڵی پافڵ تاڵەبانی و دژایەتی باڵی لاهوری شێخ جەنگی کە ئەوەش دیارە بەهۆی ناکۆکییەکانی ناوبراوەوەیە لە سەر روداوەکانی رابردووی 16 ئۆکتۆبەر، هەروەها لێدوانی هەندێک بەرپرسی پارتی، کە بەمەبەستی درێژەدان بەو ململانێیانە لێدوان دەدەن".

لەبارەی ئەو بابەتەوە ئالا تاڵەبانیش پێی وایە کە ململانێکانی نێو یەکێتی لایەنی تر کاریگەری بەسەریانەوە هەیە، هەروەها رۆڵی وڵاتانی ئیقلیمیش، گلەییش لە پارتەکانی تری کوردستان دەکات، هەروەها دەشڵێت "ئەمە ململانێی ئیقلیمییەو مەبەست لێی شتی ترەو دەرکەوتەکانیشی دەردەکەون، بەهەبوونی مام جەلال شتێک هەبوو کە ناوی راگرتنی باڵانسی هێز بوو لە ناوچەکە، ئەوە خەریکە نامێنێت، ئەوە خراپە بۆ سلێمانی و یەکێتی و حیزبەکانی تریش، هەروەها گلەیی دەکەم لە کەسە دیارەکانی یەکێتی کە نەیان توانی رۆڵی نێوەندگیری بگێرن، یان پارتە کوردستانییەکانی دی".

پافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی کۆی ئەو روداوانەی نێو یەکێتی لە میدیاکانیانەوە بە چاکسازی نێو دەبات، هەرچەندە لەم هەڵبژاردنەدا تا رادەیەک یەکێتی تووشی شکست بوویەوە، لەوتوێژەکەشدا ئاڵا تاڵەبانی دوپاتی ئەوە دەکاتەوە کە یەکێتی تووشی شکست بۆتەوە، پێی وایە لە پارێزگای هەولێر بە هەبوونی پۆستی وەزیری پێشمەرگەو وەزیری خوێندنی باڵاو سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت، یەک کورسیان لەو پارێزگارە هێناوە".

لە بەرامبەر ئەمەدا، چاکسازی لەنێو ئۆرگانەکانی یەکێتی وەک لە راگەیاندنەکانی سەر بەیەکێتی باسی لێوە دەکرێت، بەردەوامەو ئەمەش هەوڵەکانی یەکێتی نوێیە، یەکێتییەکەی مام، وەک دەربڕینێک بۆ یەکێتییەکەی سکرتێری پێشووی کۆچ کردوو، جەلال تاڵەبانی. لەو بارەیەوە ئاڵا دەڵێت "هەرگیز ئەمە یەکێتییەکەی مام جەلال نییە، پافڵ باسی یەکێتی مام دەکات، ئەم یەکێتییە بەهیچ شێوەیەک لە یەکێتی مام ناچێت، مام جەلال پیاوێکی لێبوردەبوو، تەنانەت لەگەڵ دوژمنیشدا بەم شێوەیە مامەڵەی نەکردووە، ئەو لەکاتی هەر ئاریشەیەک ئەوانەی کە لە یەکێتیش زویربوبن، دەیهێنانەوە بۆ نێو یەکێتی".

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:34 0:00


XS
SM
MD
LG