Accessibility links

وڵاتی ئێلسالڤادۆر لە قازانجی بتکۆین 20 قوتابخانە دروستدەکات


نایب بوکێلێ، سەرۆکی ئێلسالڤادۆر، سەتەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی بڕێک لەو پارەیەی کە لە کڕێنی بتکۆین دەستی کەوتووە بەکاردەهێنێت بۆ بنیادنانی 20 قوتابخانە.

لە لێدوانێکیدا کە ڕۆژی دووشەمە لە تویتەری کۆشکی سەرۆکایەتی بڵاوکرایەوە، سەرۆک نایب بوکێلی گوتی، "دەمەوەێت ئەوە ڕابگەیەنم کە لەو چەند ملیۆنە کەمەی کە لە قازاجی بتکۆین ماوەتەوە، ئێمە سەرەتا 20 قوتابخانە دروستدەکەین بە دابینکردنی هەموو پێداویستەیەکانی و بەشێوەیەکی مۆدێرن."

ئەو هێرشی کردە سەر ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند، "ئەوەی جێگەی پێکەنینە ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن دژی یاساکەی بتکۆین و کڕینی بتکۆین بوو. سوپاس بۆ خودا کە گوێمان پێنەدان."

وتەکانی نایب بوکێلێ لە کاتی داندانی بناغەی ڤێتەرنەریەک (نەخۆشخانەی ئاژەڵان) بوو بە بەهای 4 ملیۆن دۆلار کە هەر لە قازانجی بتکۆین بنیاد دەنرێت.

تاکو نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەکاتی واشنتن، بەهای یەک بتکۆین بەرامبەربە نزیکی 61هەزار دۆلار بوو.

شایەنی باسە، لە کۆتایی مانگی ڕابردوو ئێلسالڤادۆر420 بتکۆینی تری کڕی، بەمەش کۆی ژمارەی بتکۆینەکانی گەیشتە 1120 بە بەهای نزیکی 69 ملیۆن دۆلار.

ئەم وڵاتە لە ئەمەریکای ناوەڕاست نزیکی 20 ساڵە دۆلاری ئەمریکی وەك دراوی نیشتیمانی بەکاردەهێنێت و لە مانگی نۆی ئەمساڵ بووە یەکەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان کە بەشێوەیەکی فەرمی مامەڵە بە بتکۆین بکات.

بڕیارەکە بۆ بەکارهێنانی بتکۆین بووە هۆی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەلایەن هەزاران لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بەدروشمی "بتکۆین ساختەیە."

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن مەترسی ئەوە هەیە کە بەکارهێنانی بتکۆین قەیرانی ئابووری وڵاتەکە قوڵتر بکاتەوە بەتایبەت بەهۆی ناجێگیری نرخەکەی. بەڵام حکومەتەکەی نایب بوکێلێ هیواخوازە بە بەکارهێنانی ئەم دراوە بەلایەنی کەمەوە ببێتە هۆی گەڕانەوەی نزیکی 400 ملیۆن دۆلار کە ئێلسالڤادۆر لەدەستی دەدات لە پرۆسەی بەکارهێنانی زمەتگوزاریەکانی پارە گواستنەوە کاتێک هاوڵاتیانی وڵاتەکە لەدەرەوە پارە دەنێرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

XS
SM
MD
LG